وەزیری بەرگریی تورکیا: پێویستە پەکەکە و گرووپەکانی چەک دابنێن

21-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، پێویستە پەکەکە و تەواوی گرووپەکانی دیکەش چەک دابنین.
 
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەو قسانەی لە  چوارچێوەی سەردانێکی بۆ پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کرد، کە  لەگەڵ خەڵک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە و لە گوتەکانیدا زیاتر جەختی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کردەوە.
 
یاشار گولەر رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری تەنیا لە رەهەندی ئاسایش سوود بە کۆمەڵگە ناگەیەنێت و گوتی، "لە ئەنجامی هەنگاوەکانی پرۆسەکە کەشێکی ئاسایش، ئاشتی و ئارام دەستەبەر دەبێت. هاوکات رۆڵی لە گەشەپێدانی تەواوی ناوچەکە دەبێت".
 
ئەم گوتانەی وەزیری بەرگریی تورکیا لەکاتێکدان، لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێنج جار کۆبووەتەوە و بڕیارە رۆژی 27ی ئاب شەشەمین کۆبوونەوەی سازبکات.
 
ئەمەش دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی سیمبوڵی لە هەرێمی کوردستان کە 30 گەریلا چەکەکانیان سووتاند.
 
یاشار گولەر گوتی، "پێویستە پەکەکە و تەواوی ئەو گرووپانەی سەر بەو رێکخراوەن، بە دەم بانگەوازەکەوە بێن و کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن. ئەو گرووپانەی بە ناوی دیکە و لە شوێنی دیکە چالاکی دەکەن، پێویستە چی زووە بەبێ هیچ مەرجێک و بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی لەکوێن، چەکەکانیان رادەست بکەن".
 
وەزیری بەرگریی تورکیا هەروەها بە پێویستی زانی، لایەنەکان خاوەنداریی پرۆسەکە بکەن، قوربانیی بۆ بدەن و هاوکار بن لە سەرخستنی. گوتیشی:"هەموومان بەیەکەوە دەست دەخەینە نێو دەستی یەکدی و ئەم خاکە دێرینە بە باشترین شێوە گەشە پێدەدەین. بەمجۆرە داهاتووێکی پڕ لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ منداڵان و نەوەکانمان جێدەهیڵین".
 
پرۆسەی ئاشتی
 
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. 
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
 
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانیدا، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
 
لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کرا و هەتاوەکو ئێستا پێنج جار کۆبووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو