یاریدەدەری باخچەلی: پێویستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەموار بکرێتەوە

21-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە بە پێویستی دەزانێت رێوشوێنی سزادان، یاساکانی سزادانی تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەموار بکرێنەوە.
 
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە 20-09-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "تورکیا لەبەردەم قۆناخێکی مێژووییدایە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی بێ تیرۆر."
 
هەروەها باسی کاروباری لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی کرد و ئەوەی بە گرنگ وەسف کرد کە لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکەدا گوێ لە نوێنەرانی چین و تویژە جیاوازەکان گیراوە.
 
یڵدز گوتی، "هەندێک جار بە شێوەی پرسیار و وەڵام، زۆربەی کاتیش بە شێوەی پێشکێشکردنی تێزی ئەکادیمی، پێشنیازی بەنرخ دەکرێت. ئەو زانیارییانەی لە لیژنەکەدا کۆکراونەتەوە، دەبنە بنەمایەک بۆ رەشنووسی یاسای داهاتوو."
 
رێژەی نوێنەرایەتی گەیشتە سەرووی 90%
 
فەتی یڵدز وەبیری هێنایەوە، کە لیژنەکە لەلایەن زۆرترین پارتی سیاسیی نێو پەرلەمانەوە پشتیوانی دەکرێت؛ تەنیا یەک پارتی سیاسی نوێنەرایەتیی لیژنەکە ناکات و رێژەی نوێنەرایەتی گەیشتووەتە سەرووی 90%.
 
هەموارکردنەوەی یاسایی
 
یاریدەدەرەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، جەختی لەسەر چەند هەنگاوێکی یاسایی گرنگ کردەوە و گوتی:"پێویستە هەندێک هەموارکردنەوە لە یاسای رێوشوێنەکانی سزادان، یاسای سزادانی تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت. پێویستە رەهەندی دادپەروەری نەک تەنیا سزادان، بەڵکو چاکسازییش بەهێز بکرێت".
 
لەکاتێکدا لە پەرلەمان و زەمینەی سیاسیی تورکیاشدا بە گرنگییەوە باسی دیاریکردنی مۆدێلێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەکرێت، فەتی یڵدز گوتی:"تورکیایەکی دادپەروەرانە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی سازێنەر بۆ ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەکە. پێگەی تورکیا لەم پرۆسەیەدا بەهێزتر دەبێت. پێشنیازە کۆنکرێتییەکان لە رۆژانی داهاتوودا هاوبەش دەکرێن".
 
ئەمە لەکاتێکدایە یەکێک لە داواکارییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش هەموارکردن و دەرکردنی یاسای نوێی تایبەت بە 'تیرۆر'ـــە. 
هەر ئەمەش هۆکار بوو ئەو 30 گەریلایەی چەکەکانیان سووتاند، بگەرێنەوە بارەگاکانیان و خۆیان رادەستی دەوڵەتی تورکیا نەکەن، چونکە بەگوێرەی یاسای ئێستا، دەستبەسەر دەکرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
 
پرۆسەی چارەسەری
 
رۆژی 01-10-2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە  رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
  
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
  
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانیدا، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
 
لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە. 
 
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و یەکەمین کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 سازکرد. ئەو لیژنەیە هەتا ئێستا 10 کۆبوونەوەی کردووە و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان گفتوگۆی پرۆسەی چارەسەریی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە