رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە رێگەی سندووقی گەنجانەوە قەرزی هاوسەرگیری دەدەن، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بڕی قەرزەکە بۆ 250 هەزار لیرە (نزیکەی شەش هەزار دۆلار) زیاد دەکرێت.
جەودەت یڵماز، رۆژی پێنجشەممە 20 ـی تشرینی دووەمی 2025 لە ئیستەنبووڵ بەشداریی لە سیمپۆزیۆم و رێوڕەسمی ناساندنی پەرتووکی ''روانگەی کۆمەڵایەتی 2025 گۆڕانی دانیشتووان لە تورکیا و داهاتووی خێزان'' کرد کە لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەکانی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵگە (سەتا) رێکخرابوو.
یڵماز، لە سیمپۆزیۆمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، پشتیوانیی قەرز کە لە رێگەی سندووقی خێزان و گەنجانەوە دابین دەکرێت، زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە کارئاسانی بکرێت بۆ گەنجان تاوەکو لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری بکەن.
یاریدەدەری سەرۆککۆمار گوتی: "لەگەڵ پرۆگرامە هاندەرەکاندا پشتیوانیی دارایی پێشکێش دەکەین. ئێستا وەزارەتی خێزانمان سپۆنسەری تایبەتیشی بۆ ئەمە زیاد کردووە. میکانیزمێکی لەو شێوەیەمان دروستکردووە بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی بەهۆی نەبوونییەوە هاوسەرگیرییەکانیان دوادەخەن، چیدی دوای نەخەن، ئەمەش لە رێگەی داشکاندنی بەرچاو لە کەلوپەلی ماڵ و چەندین پشتیوانیی دیکەوە."
جەودەت یڵماز گوتیشی: "لە مانگی کانوونی دووەمەوە پشتیوانییەکانمان زیاد دەکەین. بڕیارمانداوە پشتیوانیمان بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 18-25 ساڵیدایە بۆ 250 هەزار لیرە (نزیکەی شەش هەزار دۆلار) بەرز بکەینەوە. بۆ ئەو کەسانەش کە تەمەنیان لە نێوان 26-29 ساڵیدایە بۆ 200 هەزار لیرە (نزیکەی پێنج هەزار دۆلار) بەرزی دەکەینەوە."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا هۆکاری ئەو جیاوازییەی لە پێدانی قەرزەکاندا هەیە روونکردەوە و گوتی: "بۆچی بۆ تەمەنی 18-25 ساڵیمان کەمێک زیاتر کردووە؟ لەبەر ئەو شیکارییانەی کە پێشتر باسم کردن. راستییەکەی، وابەدوور دەبینرێت بتوانین پرسی دانیشتووان چارەسەر بکەین، ئەگەر هاوسەرگیری لەنێوان تەمەنی 20-25 ساڵیدا زیاد نەکەین. بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەم تەمەنەدا زیاتر بکەین، بڕەکەمان لەچاو ئەوی دیکەدا جیاواز کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ