رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەوەی گرووپێک لە هاندەرانی یانەی بورسەسپۆر سووکایەتییان بە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد کرد، هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر دەستیان بە هەڵمەتی بایکۆتی ئەو خواردنەوە گازییە کردووە کە سپۆنسەری درێسی یانەی بورسەسپۆرە.
لە یاریی نێوان سۆماسپۆر و بورسەسپۆر، گرووپێک لە هاندەرانی بورسەسپۆر، درووشمی سووکایەتیئامێز و جنێویان دژی لەیلا زانا گوتەوە کە یەکێکە لە ناوە دیارەکانی سیاسەتی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا.
ئەم کارە ناڕەزایی بەشێکی زۆر لە کوردی باکووری لێکەوتووەتەوە. هەروەها بەرپرس و پەرلەمانتارانی دەم پارتی کاردانەوەی زیاتر نیشاندەدەن.
لە بەرامبەردا بەشێک لە هاندەرە فاشیزمەکانی یانەی بورسەسپۆر بەردەوامن لە درووشمی رەگەزپەرستی لە دژی لەیلا زانا و کورد.
بایکۆتی خواردنەوەی ئوڵوداغ لە ئامەد دەستیپێکرا
هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر بایکۆتی خواردنەوەی ئوڵوداغ-یان بە هاشتاگی #UludağBoykot راگەیاندووە.
بەشێک لە هاندەرانی ئامەدسپۆر گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی جۆراوجۆر لەبارەی بایکۆتەکە بڵاودەکەنەوە و لە بەرامبەردا هاندەرانی یانەی بورسەسپۆر پشتگیریی خۆیان بۆ خواردنەوەی ئوڵوداغ دووپات دەکەنەوە.
بەتایبەتی لەم دوو رۆژەدا رکابەرییەکی تووند لەنێوان هەردوولا هەیە. تەنانەت بەشێک لە سیاسەتڤانانیش کەوتوونەتە ململانێی نێوان ئامەدسپۆر و بورسەسپۆر.
خواردنەوەی ئوڵوداغ
ئوڵوداغ، خواردنەوەیەکی گازیی کانزاییە و چەند جۆرێکی هەیە. بەتایبەتی دوو جۆریان؛ سۆدەی سادە و تام لیمۆکەی زۆر زیاتر لە ئەوانی دیکە خواستیان لەسەرە. ئوڵوداغ لە پارێزگای بورسەی تورکیا بەرهەمدێت و بە ناوی چیایەکی ناوچەکە کراوە.
خواردنەوەی ئوڵوداغ بە زۆربەی تامەکانییەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێت.
وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا: سووکایەتی بە لەیلا زانا لەگەڵ رەوشتی وەرزشی ناگونجێ
عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا رۆژی شەممە 20-12-2025 رایگەیاند، ئەو دروشمانەی لە رێگەیانەوە سووکایەتی بە لەیلا زانا کراوە، لەگەڵ گیانی یەکگرتوویی و ئەخلاقی وەرزشیدا ناگونجێن و ئاماژەی بەوەشدا رێکاری پێویست دەستیپێکردووە.
وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا گوتیشی: "لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست لەبارەی ئەو کەسانە دەکرێ کە ئەو کارەیان کردووە. پرۆسەیەکی سزادان لە سزای قەدەخەکردنی چوونە نێو یاریگەوە تاوەکو سزای دیکە دەستپێدەکات. ئێمە ناکرێ ئەو پرۆسەیە قبووڵ بکەین کە لەگەڵ گیانی ئەخلاقی وەرزشیدا ناگونجێت."
وەزیری دادی تورکیا: لێکۆڵینەوە لە تۆمارە دەنگییەکان دەکرێت
یڵماز تونچ، دوو رۆژ دوای رووداوەکە، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا کە بۆ گفتوگۆکردنی بودجەی 2026 بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی لەمبارەیەوە دایەوە.
تونچ، لەبارەی درووشمە سووکایەتیئامێزەکان دژی لەیلا زانا، رایگەیاند: "لەو چوارچێوەیەدا، شیکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکان و لێکۆڵینەوەی هاوشێوە لەبارەی ئەو رووداوانەی روویانداوە بەڕێوەدەچن. دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە کاردەکەن."
ئاماژەی بەوەشدا، وەرزش بەهایەکی گەردوونییە و نابێت ببێتە هۆکاری جیاکاری و ئامرازی پەراوێزخستن.
تونچ، راشیگەیاند، بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن و هەمووان دەیانەوێ پرۆسەی چارەسەری بە سەرکەوتن بگات. هەر بۆیەش نایانەوێت هیچ هەڵوێست و رەفتارێک هەبێت کە زیان بە پرۆسەکە بگەیێنێت.
وەزیری دادی تورکیا جەختیکردەوە کە گشتاندن ناکەن، بەڵکو بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران دەکەن.
باوکی سەرۆکی یانەی بورساسپۆر بەرگریی لە لەیلا زانا دەکات
فارووق چەلیک، پەرلەمانتاری ئاکپارتی کە باوکی سەرۆکی یانەی بورسەسپۆرە داکۆکی لە لەیلا زانا کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە رایگەیاند: "گوتنەوەی دروشمی سووکایەتی بەرامبەر لەیلا زانا، هەڵەیە و قبووڵکراو نییە. بە راشکاوی دەڵێم، ئەم جۆرە دەربڕینانە بە راست نازانم. ئەمە دۆخێک نییە چاوپۆشی لێ بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی نووسیویەتی، "ئاگادارم کە دەیانەوێت لە رێگەی بورسەسپۆرەوە دوژمنداری و جیاکاری لەنێوان هاووڵاتییانماندا دروست بکەن. هەروەک چۆن یانەکەمانمان لەو تەنگژە دارایی و وەرزشییەی تێیکەوتبوو پێکەوە دەرهێنا، ئەم یارییەش هەر پێکەوە تێکدەدەین. با کەس نیگەران نەبێت."
هەروەها ئەنەس چەلیک، سەرۆکی یانەی بورساسپۆر، ئەو سوکایەتییەی هاندەرانی یانەکەی بەرامبەر لەیلا زانا کردبوویان بە "دروشمێکی کورتخایەن و دووبارە نەبووەوە" لە قەڵەم دا و رایگەیاند، رێکاری یاسایی دژی ئەو "پۆستە رەگەزپەرستی، سووکایەتی و رقئامێزانە"ی دژی هاندەرانی یانەکەیان کراون، دەستپێکراوە.
چی روویدابوو؟
لە یاریی نێوان سۆماسپۆر و بورساسپۆر کە رۆژی 16-12-2025 لە یاریگەی نازم یاڤوزی شارۆچکەی سۆما لە پارێزگای مانیسای تورکیا بەڕێوەچوو، دروشمی رەگەزپەرستانە و سوکایەتیئامێز لەلایەن گرووپێک لە هاندەرانی بورساسپۆرەوە دژی لەیلا زانا سیاسەتڤانی کورد گوترانەوە، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لە نێو رای گشتیدا لێکەوتەوە.
لەیلا زانا کێیە؟
-ساڵی 1991 لە پەرلەمان لەکاتی سوێندخواردندا بە زمانی کوردی قسەی کرد.
-بە زمانی کوردی گوتی:"من ئەم سوێندە لەپێناوی برایەتیی کورد و تورک دەخۆم".
-ساڵی 1994 بە تۆمەتی 'جوداخوازی' دەستگیرکرا و نزیکەی 10 ساڵ لە زیندان مایەوە.
-ساڵی 2011 جارێکی دیکە لە بازنەی ئامەد بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرا.
-ئەوجارە بە پشتگیریی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بووە پەرلەمانتار.
-هەروەها ساڵی 2018 لە بازنەی ئاگریی باکووری کوردستان بووە پەرلەمانتاری هەدەپە.
-ئەوجارە بەر لە خوێندنەوەی دەقی سوێندەکە گوتی:"بە هیوای ئاشتییەکی شەرەفمەند و هەمیشەیی"
-لەیلا زانا، ئێستا وەکو کەسایەتییەکی گرنگی سیاسیی کورد، رۆڵی ئەرێنیی لە پرۆسەی چارەسەریدا هەیە.
-انا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ