رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نییە هیچ کەسێک سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی هیچ ئایینێک بکات و بێڕێزی بەرامبەر هەر ئایینێک، تاوانێکی مرۆییە.
لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرمایەداران کە ئەمڕۆ (شەممە 22-7-2023) لە پارێزگای بۆڵو بەڕێوەچوو، نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی لە دانیمارک کرد و ئیدانەی کرد.
کورتوڵموش گوتی "بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵ نییە هیچ کەسێک سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی هیچ ئایینێک بکات. هەر کەسێک بێڕێزی بەرامبەر هەر ئایینێک بکات، تاوانێکی مرۆیی کردووە".
کورتوڵموش هەروەها باسی لە دیموکراسی و دادپەروەریی لە تورکیا کرد و رەخنەی لە هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن گرت و رایگەیاند "کەسانێک دەڵێن 'گەل نازانێت و ئێمە لەبری گەل بیردەکەینەوە و بڕیار دەدەین'، بەڵام ئێمە داوای دیموکراسی دەکەین. سیستمی تورکیا، دیموکراسی و دەوڵەت تەنیا یەک خاوەنیان هەیە کە ئەویش گەلە".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێیوایە ئێستا وڵاتەکەیان لەبەردەم قۆناخێکی زۆر درەوشاوەدایە و رایگەیاند "هەموومان پێکەوە لەپێناو سەدەی دووەمی کۆمارەکەمان تێدەکۆشین و تورکیا دەبەینە قۆناخێکی باشتر. هەر لە بواری تەکنەلۆجییەوە تاوەکو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە هونەرەوە تا پیشەسازی و بەتایبەت پیشەسازیی سەربازی، سەدەیەکی پڕ هێز و توانا دەبێت بۆ تورکیا".
رۆژی پێنجشەممە 20-7-2023 گرووپێک لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن قورئانی پیرۆزیان سووتاند.
وەک گرووپەکە خۆیان دەڵێن، "دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق"، قورئانی پیرۆزیان سووتاندووە. لەگەڵ سووتاندنەکەدا لە بەغدا خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر دەستیپێکرد و خۆپێشاندەران هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023 خۆپێشاندەرانی لایەنگری سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندنیان، هۆکاری ئەو کارەیان ئەوە بوو، بۆ جاری دووەم ئەو وڵاتە رێگەی بە پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا دابوو، کە قورئان و ئاڵای عێراقیش بسووتێنێت. هەر هەمان رۆژ حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بڕیاری دا نوێنەری خۆی لە سوێد بکشێنێتەوە و باڵیۆزی ئەو وڵاتەش لە عێراق دەربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ