رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەبارەی رووداوەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دەکەن. راشیگەیاند، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەو هاووڵاتییە تورکانەی لە شارەکەن.
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025 لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی پێشهاتەکانی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەچەلی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "لەلایەن کۆنسووڵخانەی تورکیا لە هەولێرەوە پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کراوە و بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی تورکیا لە سلێمانی رێکاری پێویست گیراوەتەبەر".
کەچەلی سەبارەت بە پێشهاتەکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکانی شاری سلێمانی دەکەین، چ بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و چ بۆ سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییانی خۆمان. کونسووڵخانەکەمان لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێیی پەیوەندیدار کەوتووەتە جموجووڵ و بۆ هاووڵاتییانمان رێکاری پێویست گیراوەتەبەر.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردەسەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، دوای نزیکەی چوار کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانیان دەستگیر کرد.
لە پێکدادانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا، سێیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون یەکێکیشیان پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ