پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی بۆ رووداو: جەهەپە دووشەممە تووشی شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوە دەبێت

22-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
لۆگۆی جەهەپە
لۆگۆی جەهەپە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایدەگەیێنێت، کشانەوە و بایکۆتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ بەشدارینەکردن لە شاندی چوون بۆ ئیمراڵی، کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە نابێت و پێشبینی دەکات رۆژی دووشەممە بەو هۆیەوە شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوە لەنێو ئەو پارتە دەستپێبکات. دەشڵێت: "ئەردۆغان ئامادەیە سەری خۆشی لەم پێناوەدا دابنێت."
 
محەممەد موفتی، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رۆژی شەممەی رووداودا کە دڵدار هەرکی پێشكێشی کرد، لەبارەی بە بڕیاری لیژنەی پەرلەمان بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی و هەڵوێستی نەرێنی جەهەپە، رەخنەی تووندی لە پارتی گەلی کۆماری گرت.
 
"ئاگری شەڕ خەریکە دەکوژێتەوە"
 
پەرلەمانتارە کوردەکە پێیوایە دۆخەکە بەرەو "ئارامی" دەچێت و هەڵوێستی جەهەپە "جێگەی سەرسوڕمانە". ئەو بە رووداوی راگەیاند: "ئەم دوو سێ رۆژە ئێمەش زۆر سەرمان سووڕماوە. چونکە ئەمە ئاگرێکی گەورە بوو، ئێستا خەریکە دەکوژێتەوە. هەر کەسێک ئاوی پێدا بکات، سبەی دووسبەی قازانجی لێ دەکات. چونکە گەل سوودی لێ دەبینێت."
 
موفتی هەروەها گوتیشی: "[ئێستا] خوێن ناڕژێت، هەزارن ساڵە ئێمە پێکەوەین و گەل برایەتیی خۆی تاوەکو ئەمڕۆی هێناوە."
 
موفتی ئاماژەی بەوەش کرد، دوو بۆ سێ مانگە کوشتن و خوێنڕشتن وەستاوە، وەکو ئامەژەیەک بۆ وەستانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان
 
ئەو پێیوایە، جەهەپە رۆڵێکی "نەرێنی" دەگێڕێت و دەپرسێت: "جەهەپە چی دەکات؟ من نازانم. تەمەنم 70 ساڵی تێپەڕاند. تاوەکو ئێستا لە مێژووی تورکیادا نەمبینیوە [جەهەپە] سوودێکی بۆ تورکیا، بۆ کورد یان بۆ تورک هەبووبێت. بەڕاستی هیچ سوودێکم لێی نەبینیوە."
 
گومان لە دۆستایەتیی جەهەپە بۆ کورد
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو هەڵوێستەی جەهەپە کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی کورد دەبێت، پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی پێیوایە جەهەپە "سەلماندی دۆستی کورد نییە" و گوتی: "خۆی ئاشکرا کرد. هەموو گەل تێگەیشت جەهەپە دۆستی کورد نییە،" لەبەر ئەوەی پارتەکە "دەڵێت 'ناڕۆم بۆ ئیمرالی' و لەهەمان کاتدا دەڵێت 'من دۆستی کوردم'. ئەم دوو شتە یەک ناگرنەوە."
 
پێشبینیی دەستلەکارکێشانەوە لەنێو جەهەپە
 
موفتی ئاشکرای کرد، زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی بەهۆی نەناردنی نوێنەریان بۆ لای ئۆجەلان، نیگەرانی لە نێوخۆی جەهەپەدا دروستبوون و پێشبینی کرد لە رۆژی دووشەممەوە ناڕەزایەتییەکان دەربکەون.
 
موفتی گوتی: "بڕوام وایە، دووشەممە و رۆژانی دواتر، دەستلەکارکێشانەوەی زۆر روودەدات. خەڵکێکی زۆر پێی دەڵێن، ئێمە لەگەڵ ئێوە نین."
 
سەبارەت بە سووربوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پرۆسەکە، موفتی بە دەربڕینێکی بەهێز گوتی: "سەرۆک ئەردۆغان ئامادەیە سەری خۆیشی لەسەر ئەمە دابنێت، ئەو بە خۆی ئەم بابەتەی هێناوەتە ئاراوە و بە پشتیوانیی خوا تەواوی دەکات."
 
ئەگەر هەیە جەهەپە پەشیمان ببێتەوە؟
 
سەبارەت بە کاتی رۆیشتنی شاندەکە بۆ ئیمراڵی، موفتی ئاماژەی بەوە کرد رەنگە چەند رۆژێک دوا بکەوێت بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە جەهەپە بدرێت ئەگەر پاشگەز ببنەوە.
 
لەوبارەیەوە گوتی: "بڕوام وایە هەفتەیەکی دیکە شاندەکە دەڕۆن. سەرەتا گوتیان زوو دەڕۆن. بەڵام ئەمڕۆ وا دیار بوو رەنگە چەند رۆژێک درەنگ بکەوێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەگەر هەیە پارتی گەلی کۆماری پەشیمان ببێتەوە و بڵێت منیش دێم." 
 
رۆژی هەینی 21-11-2025، "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی 32 دەنگ بڕیاری دا شاندێک بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەوانەی ئیمراڵی بکات. لە دەنگدانەکەدا مەهەپە، ئاکپارتی، دەم پارتی و چەند پارتێکی دیکە بە بەڵێ دەنگیان دا، بەڵام جەهەپە بایکۆتی کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی

دەم پارتی: سەردانی سووریا دەکەین و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کۆدەبینەوە

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی راپۆرتەکانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد قسەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، پلانیان هەیە سەردانی سووریا بکەن و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کۆببنەوە.