رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەک لە تورکیا و باکووری کوردستان، 45.3٪ـی خەڵک بە پێویستی دەزانن دەمیرتاش ئازاد بکرێت و 77.9٪ش نایانەوێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت.
کۆمپانیای سۆنار بۆ توێژینەوە لە راپرسییەکدا لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆچوونی خەڵک لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە و 'مافی هیوا' وەرگیراوە.
مافی هیوا، ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەخۆدەگرێت.
لەو راپرسییەی کۆمپانیای سۆنار دا 45.3٪ـی بەشداربووان پێیانوایە دەبێت دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن، بەڵام 77.9%ی بەشداربووان گوتوویانە نایانەوێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت.
هاکان بایراکچی، سەرۆکی کۆمپانیای سۆنار ئەنجامی راپرسییەکەی بڵاوکردەوە کە لە مانگی تشرینی دووەمدا لەسەر کراوە.
بەگوێرەی راپرسییەکە 39.9٪ـی بەشداربووان دژی ئازادکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بوون.
بایراکچی بۆچوونی بەشداربووانی لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەنجامەکان، 45.3٪ی خەڵک بە "بەڵێ، دەبێت ئازاد بکرێن" و 39.9٪یش بە "نەخێر، نابێت ئازاد بکرێن" وەڵامیان داوەتەوە.
٪77.9 ئازادکردنی ئۆجەلان رەتدەکەنەوە
لە راپرسییەکەدا پرسیار لەبارەی 'مافی هیوا' کراوە کە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لەخۆدەگرێت. 77.9٪ی بەشداربووان دەڵێن "نابێت ئازاد بکرێت" و دەنگی 'نەخێر'یان داوە.
هەروەها پرسیاری دۆخی ئابووری لە خەڵک کراوە؛ 58.2٪ دەڵێن دۆخی داراییان پاشەکشەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ