رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی پیاوێک لە تورکیا بڵاوبووەتەوە کە بووکی دەریا دەخوات، ئەمە کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
دیمەنەکە لە کەناراوێکی تورکیادا تۆمارکراوە، بەڵام روون نییە کام شارە. پیاوێک بە شۆرتەوە لە تەنکاوێکدایە و دەڵێت: "گوتم با بووکی دەریا بخۆم".
ئەو کەسەی وێنەی دەگرێت، قێزدەکاتەوە، بەڵام پیاوەکە زۆر بە ئاسانی دانەیەک لە بووکی دەریا دەگرێت و دەڵێت: "ئەمە دەخۆم. مەگەر ئەمەش ماسی نییە؟ ئێستا دەیخۆم".
ئینجا دەست بە خواردنی دەکات و ئەو کەسەی وێنەی دەگرێت، دەڵێت: "بەخوا باوەڕناکەم! هاوڕێیان سەیرکەن چۆن دەیخوات".
دوای ئەوەی چەند گازێکی لێدەگرێت و دەیخوات، هاوڕێکەی دەڵێت، دەی بەسە ئازادی بکە با بژی.
دواتر بووکی دەریا هەڵدەداتەوە ناو ئاوەکە و دەستی دەشوات.
ئەمە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە. بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە نووسیویانە، ئەمڕۆ ئێوارە خاڵۆ دەگەیێنێدرێتە نەخۆشخانە.
بووکی دەریا چییە؟
لالەی دەریا یان جەلی ماسی، لە سەرانسەری جیهاندا لە تەنکاوەکانی کەنار دەریاوە تاوەکو قوڵایی زەریاکان و لە ئاوی سوێر و سازگاریشدا دەژی.
کۆنترین گیانداری فرەئەندامە؛ شێوەی ریشاڵییە و رەنگی سپییە.
هەرچەندە لە سەدەی 17ـەوە هاوکات بە جەلی ماسیش دەناسرێت، بەڵام زانستی نوێ ئەمەی یەکلاکردووەتەوە کە ئەو زیندەوەرە ماسی نییە.
بووکی دەریا 95-98٪ی لەشی لە ئاو پێکدێت. هەروەها دڵ، ئێسک، خوێن، سییەکان و مێشکی نییە، لەبری مێشک تۆڕی دەمار یان ئەڵقەی دەماریی هەیە کە یارمەتیی دەدات بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکاری لەو ژینگەیەی تێیدا دەژی.
ئایا بووکی دەریا دەخورێت؟
لە هەندێک وڵاتدا بە شێوەیەکی ئاسایی دەخورێت. بەتایبەتی لە چین، کۆریا، ژاپۆن و بەشێک لە وڵاتانی ئاسایی سەر کەناراودا کۆدەکرێتەوە و دەخورێت. بەشێکیان دوای وشککردنەوە لەگەڵ زەڵاتە پێشکێشی دەکەن. بەشێکیشیان پێیانوایە بووکی دەریا لە کەشی ژوورەوە بۆگەن دەکات؛ هەر بۆیە قاچ و ریشاڵەکەی جیادەکەنەوە و ماوەی 3-6 هەفتە لە نێو خوێدا دەیهێڵنەوە، دواتر وشکی دەکەنەوە و بۆ خواردن ئامادەی دەکەن.
مەترسییەکانی خواردنی بووکی دەریا
رێژەیەکی بەرزی بووکی دەریا ژەهراوین. ئەو کەسەی بووکی دەریا بۆ خواردن ئامادە دەکات یان دەیخوات، پێویستە تەواو شارەزا بێت و جۆرەکان بناسێتەوە. چونکە خواردنی بووکی دەریای ژەهراوی، دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ