هاوسەرۆکانی دەم پارتی: بە کۆماری دیموکراسی دەگەینە ئاشتی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە پەیامی جەژنی رەمەزاندا هیوایان خواست جەژن ببێتە مایەی ئاشتی و جەختیان لەوە کردەوە ئاشتی تەنیا لە رێگەی کۆمارێکی دیموکراسییەوە دەکرێت.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکیان بە زمانەکانی کوردی (کورمانجی و زازاکی) تورکی و عەرەبی بڵاوکردەوە. دۆخی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ''قۆناخێکی مێژوویی'' ناساندووە و تێیدا جەخت لە ئاشتی، یەکسانی و دادپەروەری کراوەتەوە.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە، ''جەژنی رەمەزانتان پیرۆز بێت، جەژنەکان کاتی گرنگ و بەهادارن کە دەرگا لەسەر چاکە، دۆستایەتی و ئاشتی دەکەنەوە. لەم قۆناخەدا کە گۆڕانکاریی مێژوویی لە جیهان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیادا روودەدات، پێویستە زیاتر دەست بە پەیامەکانی ئاشتی، برایەتی، یەکسانی و دادپەروەریی جەژنەوە بگرین. هیوادارین ئەم رۆژانەی جەژنی دووانە کە جەژنی رەمەزان و نەورۆز تێیدا بەیەک دەگەن، بۆ وڵاتەکەمان، ناوچەکەمان و مرۆڤایەتی، رۆژانی ژیان بن نەک مردن. رۆژانی ماف بن نەک بێ یاسایی، رۆژانی ئاشتی بن نەک پێکدادان."
 
هەروەها هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەڵێن، ''باوەڕمان وایە کە وەک مرۆڤی خاوەن ناسنامە، باوەڕ و کولتووری جیاواز، پێکەوە بە ژیانێکی یەکسان، دادپەروەرانە، ئازاد و دیموکراسیی دەگەین. رێگەی بەدیهێنانی ئەمەش بۆ تورکیا، دامەزراندنی کۆماری دیموکراسییە و بۆ ناوچەکەش، رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکراسییە. باوەڕمان وایە کە بە هەنگاوی هاوبەش لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا، زیاتر لە ئاشتی نزیک دەبینەوە؛ بەم باوەڕەوە جەژنی رەمەزان لە 86 ملیۆن هاووڵاتیمان پیرۆز دەکەین. هیوادارین جەژن، ئاشتی، ئازادی و یەکسانی بۆ هەمووان بهێنێت.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە