رووداو دیجیتاڵ
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی جەژنەکەی کرد.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا کە کوردی پارێزگای چەولیکی باکووری کوردستانە، پەیامێکی بە زمانی کوردی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە.
یڵماز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە زمانەکانی کوردی و تورکیا نووسیویەتی؛ نەورۆز پیرۆز بێت.
لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی ئاشتی و برایەتی و گوتی، "نەورۆز پیرۆز بێت! هیوادارم نەورۆز کە مژدەی بەهارە و هێمای ژیانەوەیە؛ لە هەموو گۆشەیەکی جوگرافیای دڵماندا ببێتە هۆی نوێبوونەوەی یەکڕیزی و برایەتیمان، هەروەها ببێتە هۆی ئاسوودەیی و بەرەکەت."
یڵماز هیوای ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕی خواست و گوتی، "لە ناوچەکەماندا کە بە درێژایی مێژوو لانکەی شارستانییەتییە دێرینەکان بووە، هیوا بەو رۆژانە دەخوازم کە تێیدا نەک زمانی شەڕ بەڵکو زمانی ئاشتی، نەک دوورکەوتنەوە بەڵکو کولتووری پێکەوەژیان باڵادەست بێت."
لەگەڵ هاتنی بەهارەوە، لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا یادی نەورۆز کرایەوە. گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزیش رۆژی 21ی ئادار لە ئامەدی باکووری کوردستان بەرێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ