لە ئیستەنبووڵ ئاهەنگی نەورۆز دەکرێت؛ چاوەڕوان دەکرێ 1 ملیۆن کەس بەشدار بن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیستەنبووڵ ئاهەنگی نەورۆز دەکرێ. بەرپرسانی دەم پارتی دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشداری بکەن.
 
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی دەم پارتی دەڵێ، ئەم ساڵ نەورۆز لە باکووری کوردستان و تورکیا بە دروشمەکانی (نەورۆزی ئازادی و یەکێتیی دیموکراسی) پیرۆز دەکرێ.
 
یەکێک لەو نەورۆزانەی هەموو ساڵێک بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی پیرۆز دەکرێ، نەورۆزی ئیستەنبووڵە. چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشداری تێدا بکەن کە لە گۆڕەپانی یەنیکاپی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێ.
 
ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ رۆژی یەکشەممە، 22ی ئادار لە کاژێر 11:00 بۆ 18:00 بەڕێوەدەچێ. هونەرمەندان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتڤانان بەشداریی تێدا دەکەن.
 
ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ، بە گوتاری عارف چنار و چنار ئاڵتان، هاوسەرۆکانی لقی رێکخستنەکانی ئیسەنبووڵی دەم پارتی وەک رێکخەر و لیژنەی ئامادەکاری ئاهەنگەکە دەست پێدەکات. 
 
دواتر تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ چەتین ئارکاش و سەباحەت تونجەل لە تەڤگەری ژنانی ئازاد و مەرال دانش بێشتاش، هاوگوتەبێژی کۆنگرەی دیموکراسیی گەلان (هەدەکە) گوتار پێشکێش دەکەن. 
 
دواتر لە رێوڕەسمەکەدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە، پاشان هونەرمەند سوئاڤی چەند بەرهەمێک پێشکێش دەکات و دواتر گرووپی هونەر و میوزیکی کۆما ئامەد بەرهەمەکانیان پێشکێش دەکەن.
 
ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەم ساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە 9ی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو 24ی مانگ بەردەوام دەبن. یەکێک لە گەورەترینیان دوێنێ لە ئامەد بەڕێوەچوو کە تێیدا چەندین پەیام خوێندرانەوە وەک پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە