رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بەوەی لە تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەریان پرسیوە.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 22-04-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو؛ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوتارێکی پێشکێش کرد.
تەوەری سەرەکیی گوتارەکەی باکرهان، تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی بوو، کە هاوکات ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند کە لە ژیانیدا شتی وەهای نەبینیوە کە هەمووان بێ گوێدانە جیاوازییەکان، پەرۆشی ئۆندەر بوون و گوتی: "لە یەکەمین رۆژەوە و لە یەکەمین کاژێرەوە تەواوی رەنگەکانی تورکیا، پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە دیموکراسییەکان لەبەردەم نەخۆشخانە بوون. بە نامە و پەیوەندییەکانیان لە تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەریان پرسی. بەڕاستی هاوپشتی و خاوەندارییەکی بێوێنەمان بینی".
باکرهان هەروەها سوپاسی بەشێک لەو کەسایەتی و بەرپرسانەی کرد کە پشتیوانیی خۆیان بۆ سری سورەیا ئۆندەر نیشانداوە و گوتی:"سوپاسی بەڕێز سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەکەم کە لە سەرەتاوە چاودێریی دۆخەکەی کردووە. سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان نومان کورتوڵموش، سەرۆکی جەهەپە، سەرۆک و بەرپرسی پارتە سیاسییەکان و هێزە هاوپەیمانەکانمان دەکەم کە پشتیوانییان نیشاندا. هەروەها سوپاسی بەڕێز مەسعود بارزانی، ئەو سیاسەتڤانانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە پەیوەندییان پێوەکردین، هەروەها سوپاسی هونەرمەندانیش دەکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ