رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاماری ئەڵمانیا بڵاویکردەوە لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 110 هەزار کەس لە تورکیاوە کۆچیان کردووە بۆ ئەو وڵاتە.
بە گوێرەی ئامارەکە، کە دوێنێ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان 2022 تاوەکو 2024 لە دوای ئۆکراینی و سووریاییەکان، زۆرترین کۆچبەری تورکیا روویان لەو وڵاتە کردووە، کە 112 هەزار کەس بووە.
داتاکانی دەزگای ئاماری ئەڵمانیا دەریدەخەن، لە هەر چوار کەس لە ئەڵمانیا، یەکێکیان رەچەڵەکی کۆچبەری هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکە لە نێوان 2015 تاوەکو 2021 چوار ملیۆن و 200 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەڵمانیا. لەم ماوەیەدا 716 هەزار کەس لە سووریاوە، 300 هەزار کەس لە رۆمانیاوە و 230 هەزار کەسیش لە پۆڵەندا کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا.
لە نێوان ساڵانی 2022-2024 دا دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس چوونەتە وڵاتەکە. لەنێویاندا 843 هەزار کەس لە ئۆکرانیا، 124 هەزار کەس لە سووریا و 112 هەزار کەسیشیان لە تورکیاوە رۆیشتوون.
31٪ـی کۆچبەران رایانگەیاندووە، بۆ مەبەستی پەنابەری، داواکاری مانەوە و پاراستنی نێودەوڵەتی چوونەتە ئەڵمانیا. 23٪ـیان بۆ کارکردن و 21٪ـیشیان بۆ یەکخستنەوەی خێزان چوونەتە ئەو وڵاتە.
8٪ـی ئەوانەی لە دوای ساڵی 2015ـەوە کۆچیان کردووە، رایانگەیاندووە، بۆ خوێندن یان راهێنانی پیشەیی چوونەتە ئەڵمانیا.
لە پیاواندا زۆرترین هۆکارەکانی کۆچکردن بریتیبوون لە پەنابەری و دامەزراندن، لە ژنانیشدا وەک پەنابەری و یەکخستنەوەی خێزان تۆمارکراون.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2024، نزیکەی 21 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ئەڵمانیا کۆچبەرن. ئەمەش دەکاتە 25.6٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە. بەراورد بە ساڵی 2023، ژمارەی ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا4٪ زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ