رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی 36ـەمی یاسایی لە دادگەی هەرێمیی ئەنقەرە، ئەو تانەیەی جەهەپەی رەتکردەوە کە لە بڕیارێکی رێکاری گرتبوو لەبارەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی و 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتەکە.
ئەگەر بڕیارەکە هەڵبگیرایە، ئۆزگور ئۆزەل و ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکەی، لە سەرۆکایەتیی جەهەپە دەمانەوە، بەڵام بە رەتکردنەوەی تانەکە ئەو ئەگەرە نەما.
دوای بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی دادگەی هەرێمیی ئەنقەرە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە تانە لە دەستەی باڵای هەڵبژاردن و دادگەی باڵای تورکیا دەدەن.
وردەکاری بڕیارەکەی فەرمانگەی 36ـەمی یاسایی لە دادگەی هەرێمیی ئەنقەرە بەم شێوەیە بوو:
1- پووچەڵکردنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە کە لە رۆژانی 4-5ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو.
2- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو کۆنگرە ئاسایی و نائاساییانەی دوای ئەو رێککەوتە ئەنجامدراون و هەموو بڕیارەکانیان.
3- گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش کۆنگرە، واتە گەڕانەوەی کەمال کلچدارئۆغڵو وەک سەرۆک و بەردەوامبوونی ئۆرگانەکانی پێشووی حیزبەکە لە ئەرکەکانیان.
4- پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی لقی ئیستەنبووڵی جەهەپە کە لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو.
لە بڕیارەکەی دادگەدا هاتووە، "ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دیسیپلین بە شێوەیەکی کاتی لەکاردوورخراونەتەوە. هەروەها تاوەکو یەکلاییبوونەوەی کۆتایی بڕیارەکە، کەمال کلچدارئۆغڵو و ئەندامانی پێشووی ئەو ئەنجوومەنانە دەگەڕێنەوە سەر ئەرکیان."
بڕیارەکە بە کۆی دەنگ دەرچووە و لایەنەکان دەتوانن لە دوو هەفتەدا لە دادگای باڵای تورکیا تانەی لێبدەن. بەمەش تاکە دەرچەی یاسایی کارگێڕی ئۆزگور ئۆزەل بۆ گەڕانەوەی لە دەرگەدانی دادگای باڵای تورکیا دەبێت.
دوای 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە لە 4-5ی تشرینی دووەمی 2023، داواکاریی گشتیی ئەنقەرە لەسەر سکاڵای ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتیی جەهەپە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەسەر سکاڵای بوونی "بێسەروبەری و کاری نایاسایی و پێدانی بەرتیل" لە کۆنگرەکەدا. هەندێک لە ئەندامانی حیزبەکە داوایان کرد کۆنگرەکە بە پووچەڵ دابنرێ و کڵچدارئۆغڵو بگەڕێتەوە سەرۆکایەتیی حیزب.
سەرەتا لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی جەهەپە سکاڵایان تۆمارکرد و بانگەشەی ساختەکارییان لە پرۆسەی دەنگدانی سەرۆک کرد و رایانگەیاند بەڵگەیان هەیە بەشێک لە ئەندامان بە بەرتیل و بەشێکی دیکەشیان بە هەڕەشە و بەشی سێیەمیان بە بەڵێنی پێدانی پلە و پۆست لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتەکەدا دەرچوون.
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ