رووداو دیجیتاڵ
دژی بڕیاری دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە و لەکارلادانی ئۆزگور ئۆزەل و گەڕاندنەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو و بەرپرسانی پێشووی پارتەکە، بڕیارە ئەمشەو ئەندام و لایەنگرانی گەورەترین پارتە سیاسییەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە ئەنقەرە رێکبخەن.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئایاری 2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کە بەبڕیاری دادگە لەکارلادراوە، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە ئەندام، لایەنگران و هەوادارانی پارتەکەی کرد بەشداربن لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری فراوان.
ئۆزگور ئۆزەل نوسیوویەتی: "ئەم کودەتایە دژی جەهەپە نییە، بەڵکو دژی گەلە؛ داوای خەباتی هاوبەش لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێ با پێکەوە مێژوو بنووسینەوە."
ئۆزەل بانگهێشتی ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری فراوان دەکات و دەڵێ، کاژێر 20:30ـی ئەمشەو لەبەردەم زێدی باوکی هەمووان (بارەگای گشتیی جەهەپە) لە ئەنقەرە چاوەڕێتان دەبین بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری زۆر فراوان.
ئەم گردبوونەوە لە کاتێکدایە، هەمووان چاویان لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیایە کە جەهەپە داواکاری فەرمی پێشکێش کردووە بۆ راگرتنی بڕیارەکەی 36ـەمین فەرمانگەی یاسایی دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە. جەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکات، بڕیاری دادگەکە دژی رێنماییەکانی هەڵبژاردنە و دەسەڵاتی دادوەری ناتوانێت جێگەی ویستی ئەندامانی کۆنگرە بگرێتەوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئایار، فەرمانگەی 36ـەمین دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و بێ کاریگەر" هەژمارکرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد، بریارەکە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای خستە نێو قەیرانێکی قووڵی یاساییەوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی حیزبەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی دیسپلین بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیاردرا کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو پۆستەکانیان وەربگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ