ئەو ژنەی هاوژینەکەی کوشت، لەلایەن خەسوو و خەزوورییەوە بەرگریی لێکرا و ئازادکرا

23-06-2022
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فاتما کۆچ ئەو ژنەی هاوژینەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت، لە یەکەم دانیشتنی دادگەدا بە بەرگریی خەسوو و خەزووری، ئازادکرا.
 
رۆژی چوارشەممە 23-6-2022 لە شارۆچکەی بەیشەهیری سەر بە پارێزگای کۆنیا لە تورکیا، ژنێک بەناوی فاتما کۆچ کە تەمەنی 52 ساڵە و دایکی 3 منداڵە، بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی مستەفا کۆچی تەمەن 48 ساڵ دادگایی کرا. 
 
رووداوەکە 4ی کانوونی دووەمی 2022 روویدا بوو و ئەمە یەکەمین دانیشتنی دادگە بوو لەسەر ئەو دۆسیەیە. 
 
فاتما لەبەردەم دادوەر باسی لەوە کرد هاوژینەکەی؛ مستەفا کۆچ هەمیشە بە سەرخۆشی دەگەڕایەوە ماڵەوە و ئەشکەنجەی ئەو و منداڵەکانی دەدا. فاتما لەبارەی رۆژی رووداوەکەوە گوتی: "ئەو شەوەش گەڕایەوە و دووبارە بە سەرخۆشییەوە جنێوی دەدا و تووندوتیژیی بەرامبەرمان بەکاردەهێنا. ئەو حەپی دەخوارد. بۆ کڕینی ئەو حەپە بەردەوام داوای پارەی لێدەکردم، من پارەم نەبوو و ماڵی خەزوورم بەخێومان دەکەن. ئەو شەوە کە گوتم پارەم نییە، راستەوخۆ لێیدام. ئەویش هیچ کارێکی نەدەکرد. ئەو شەوە زۆر بەخراپیی هێرشی کردە سەرم بە مشتەکۆڵە و شەق. من چەند ددانێکم شکا".
 
فاتما هەروەها بە دادوەری راگەیاند کە ئەو شەوە بە هەڕەمەکی لە هەموویانی داوە، "هاوژینەکەم چووە مەتبەخ و من ترسام لەوەی هاوشێوەی جاری پێشوو چەقۆ بخاتە سەر ملی کچەکەم [هـ ک] هەر بۆیە کە سەیری چەقۆکەی کرد، من ترسام و پێشی ئەو چەقۆکەم هێنا. ئەو پەلاماریدام و لەولاشەوە قژی کچەکەمی گرتبوو و لێیدەدا".
 
فاتما دەڵێت، لە دۆخێکی وەهادابووە کە هیوای خواستووە هەر چۆنێک بێت ئەو دۆخە کۆتایی بێت و ئیدی دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ئەمە دۆخێکی تۆقێنەری رۆژانە بووە بۆیان. فاتما لەبارەی کوشتنی هاوژینەکەی گوتی: "راستە چەقۆم لەدەست بوو، بەڵام هیچ مەبەستێکی وەهام نەبوو ئازاری هاوژینەکەمی پێبدەم. لەگەڵ پەلاماری ئەو و هەوڵی من بۆ رزگارکردنی کچەکەم لەدەستی، چەقۆکەی بەرکەوت".
 
باوکی کوژراو فەروح کۆچ رایگەیاند، ماڵی کوڕەکەی لە نهۆمێک سەرەوەتری باڵەخانەکەیاندایە و ئەو شەوە کوڕەکەی بینیوە کە بە سەرخۆشی گەڕاوەتەوە ماڵەوە. ئەو هیچ بەرگرییەکی لە کوڕەکەی نەکرد و گوتی: "کوڕەکەم بەردەوام جنێو و قسەی نەشیاوی بە ئێمە و هاوژینەکەی و خەڵکی دیکەش دەدا. رۆژانە شەڕی لەگەڵ خەڵکدا دەکرد".
 
کاتێک دادوەر دووبارە پرسیاری ئەوەی ئاراستەی باوکی کوژراوەکە کرد، کە ئایا سکاڵا تۆماردەکەن؟ فەروح کۆچ گوتی: "بە هیچ جۆرێک سکاڵام نییە. فاتما مرۆڤێکە وەکو فریشتە وایە. ئەوە کوڕەکەم بوو هەموو جۆرە خراپەیەکی دەکرد. رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە، فاتما تەنانەت ناتوانێ مێشێکیش بکوژێت".
 
هەروەها کچەکەی فاتما گوللو چاکر و خەسووی گوللو کۆچ، داوای ئازادکرانی فاتمایان دەکرد. گوللو کۆچ کە دایکی کوژراوەکەیە گوتی: "بەڕاستی من شەرم دەکەم بڵێم کوڕم بوو. بووکەکەم بێتاوانە و زۆری چەشتووە لەدەستی کوڕەکەم. دەبوو پارەی خواردنەوە کحولییەکانیش بۆ کوڕەکەم بدات، ئەگەرنا لێیدەدا و کێشەی دروستدەکرد. هەرچەند هەوڵماندا ئەو کوڕەی ئێمە لە 16 ساڵییەوە تووشی ئەو خواردنەوەیە بوو و بە هیچ شێوەیەک بێ خواردنەوە نەدەوەستا".
 
هەموو ئەو شایەتحاڵانەی دیکەش کە لە دادگە قسەیانکرد باسیان لەوە کرد کوژراو بەردەوام بە سەرخۆشی لە کۆڵان و شەقامەکاندا گەڕاوە و کێشەی دروستکردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

دەم پارتی: ناونیشانی چارەسەری پەرلەمانە و ئەکتەرەکەی بەڕێز ئۆجەلانە

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، "پێویستە ژێرخانی یاسایی ئاشتی لەژێر چەتری پەرلەماندا دابمەزرێت." جەختی کردەوە کە ناونیشانی چارەسەریی پەرلەمانە و ئەکتەرەکەشی ئۆجەلانە.