تورکیا
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، "پێویستە ژێرخانی یاسایی ئاشتی لەژێر چەتری پەرلەماندا دابمەزرێت." جەختی کردەوە کە ناونیشانی چارەسەریی پەرلەمانە و ئەکتەرەکەشی ئۆجەلانە.
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، لە گوتاری فراکسیۆنەکەی لەکاتی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026، باسی لە چارەسەریی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتیی کرد. جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پرۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا نەمێنێتەوە و گوتی، "پێویستە ژیریی دەوڵەت، لەگەڵ ژیریی سیاسەت و یاسادا یەکبگرێتەوە؛ پێویستە یاسای برایەتی بە یاسای یەکسانییەوە تاجدار بکرێت."
کۆچیگیت جەختی لەوە کردەوە کە پێناسەکردنی پرۆسەکە وەک "سیاسەتی دەوڵەت" گرنگە، بەڵام دەبێت بە هەنگاوی کرداری و یاسایی پشتیوانی بکرێت و گوتی: "دانانی پێداویستییە یاساییەکانی ئەم پرۆسەیە، بەرپرسیارێتیی هاوبەشی پەرلەمان، دەسەڵات و دەوڵەتە. کاتی ئەوە هاتووە لە قسەوە بچینە بواری کردارییەوە. پێویستە ژیریی دەوڵەت، لەگەڵ ژیریی سیاسەت و یاسادا یەکبگرێتەوە. گوتاری 'برایەتی' لە زمانی سیاسەتدا، تەنیا بە 'یاسای یەکسانی' مانا پەیدا دەکات."
کۆچیگیت، باسی لەوە کرد کە پرۆسەکانی ئاشتی بە پشتگوێخستنی ئەکتەرەکانیان ناتوانن پێشبکەون و دیداری شاندی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوبرد. گوتی، "ئێمە دەتوانین بە قبووڵکردنی راستییەکان پێشبکەوین، نەک بە پشتگوێخستنی ئەکتەرەکانی ئاشتی. ناونیشانی چارەسەریی ئەم پرسە پەرلەمانە. ئەگەر دەمانەوێت پێکەوە بژین، دەبێت پێکەوە چارەسەری بکەین."
کۆچیگیت، کۆتاییهێنان بەو رێکارانەی بە "رژێمی قەییوم" ناوی بردن و بەهێزکردنی دیموکراسیی خۆجێی بە کلیلی چارەسەری زانی و رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری، هەموو یاسا نادیموکراتییەکان پاکبکرێنەوە.
هەروەها گوتی: "تورکیایەکی دیموکراسیی دەبێتە ئەستێرەی درەوشاوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو پردە ئاشتییەی لەگەڵ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاڤادا دادەمەزرێت، هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ سووریا دەستکەوتی دەبێت. دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ جیاوازییەکاندا لەبری تواندنەوەیان، تەواوی ناوچەکە ئازاد دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ