بکوژی بەرپرسەکەی هوداپار: سرووشم بۆ هات و کوشتم

23-07-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار کە گیانلەدەستدانی ساجید پیشگین، سکرتێری پارتەکە لە ئەدەنە و برینداربوونی ساڵح دەمیر، سەرۆکی لقی هوداپار لە ئەدەنەی لێکەوتەوە، دەستیپێکرد و بکوژەکە زیندانیکرا.
 
دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، (ئـ . س)ی تەمەن 72 ساڵ کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر بارەگای هوداپار لە ئەدەنە، لێپرسینەوە لەگەڵی دەستیپێکرد. دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، رەوانەی دادگە کرا. تۆمەتبار لەلایەن دادوەری ئێشکگرەوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرا و نێردرایە گرتووخانە.
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، تۆمەتبارەکە لەکاتی لێپرسینەوەدا دانی بە تاوانەکە ناوە و گوتوویەتی: "سرووش (وەحی)م بۆ هاتەخوارەوە و منیش بە چەقۆ لێمدا و کوشتم". ئەمە لەکاتێکدایە ماڵی تۆمەتبارەکە تەنیا 100 مەتر لە ماڵی کوژراو دوورە. چەند دراوسێیەکی گوتوویانە کە ئەو کەسە باری دەروونیی زۆر باش نەبووە. 
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار لەمبارەیەوە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەو هێرشانە بۆ سەر پارتەکەیان یەکەمجار نییە و پێشتریش هێرش و پەلاماری هاوشێوە روویانداوە. 
 
یاپیجیئۆغڵو زیاتر ئاماژەی بە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کرد و رایگەیاند، ئەندامانی هوداپار زۆر جار رووبەڕووی هێرش و پەلاماری هاوشێوە دەبنەوە. 
 
سەرۆکی گشتیی هوداپار هەروەها لە وەڵامی ئەوەی کە کێ ئەو هێرشەی کردووە و چیی لە پشت رووداوەکەیە، گوتی:"رووداوەکە تازەیە و هێشتا بە روونی نازانین هێرشەکە بە چ مەبەستێک کراوە و چ دەستێکی لە پشتە! هەر بۆیە من نامەوێ ئێستا هیچی لەسەر بڵێم. هێشتا زووە بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکەم. دادگە و ئاسایش کاری خۆیان دەکەن و هیوادارم بێ کەموکوڕی بە ئەرکەکانیانەوە هەڵبستن".
   
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە، 22-7-2023 لە بارەگای هوداپار لە ئەدەنە روویدا. هەریەک لە ساڵح دەمیر، سەرۆکی رێکخستنەکانی هوداپار لە ئەدەنە و ساجیس پیشگین، سکرتێری هوداپار لە ئەدەنە، لە کاتی نوێژکردندا بە چەقۆ لێیاندرا. لە ئاکامدا ساجید پیشگین گیانی لەدەستدا و ساڵیح دەمیر، سەرۆکی رێکخستنەکانی هوداپار لە ئەدەنە بریندار بوو.
 
پارتی دۆزی ئازاد (ھوداپار)، پارتێکی ئیسلامی سوننی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداری لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی حوزەیرانی 2018ـدا هوداپار 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا کە 0.31٪ـی دەنگەکانی تورکیا بوو، هەروەها لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری ئەمساڵدا وەک ئەندامی هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) بەشدار بوو و 4 کورسیی پەرلەمانی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە