زیاتر لە 24 کاژێرە دارستانەکانی چاناککالێی تورکیا دەسووتێت

23-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دارستانەکانی پارێزگای چاناککالێی باکووری رۆژئاوای تورکیا لە دوێنێ سێشەممەوە دەسووتێن و خەڵکی 10 گوندی ناوچەکە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.
 
زیاتر لە 24 کاژێرە دارستانەکانی چاناککالێ دەسووتێن و تا کاژێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 23-8-2023 هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە بێئەنجامە. ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە دەکات و 10 گوندی سنوورەکە کە نزیکن لەو دارستانە، بە تەواوی چۆڵیان کردووە. 
 
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە: "چوار هێلیکۆپتەرمان کە لە توانایاندایە بە شەویش کار بکەن، تاوەکو خۆرهەڵاتن کاریان کرد. ئێستاش حەوت فڕۆکە و 22 هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە لە رێگەی ئاسمانییەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن. هاوکات تیمی زەمینیشمان بێ وچان لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە." 
 
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا- ئافاد رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان. هەروەها جەختیکردووەتەوە بە گشتی 10 فڕۆکە، 26 هێلیکۆپتەر، 68 ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە و ئامێری دیکەی تایبەت لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
 
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. 29ی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە یەک هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.
 
ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس بریندار بوون و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیایی بوون. 
 
لە 2021، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا، 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو