باخچەلی: هاوپەیمانیی جمهوور گۆزە نییە بشکێت

23-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) هیوای گەلە و ناشکێت.
 
لەکاتێکدا ماوەیەکە دەنگۆی بوونی دووبەرەکی لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە هەیە و دەگوترێت کۆتایی بە هاوپەیمانیی جمهوور دێت، سەرۆکی مەهەپە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی شەممە، 23-8-2025، راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاوپەیمانی جمهوور بە هیوای گەل وەسف دەکات و دەڵێت: "هاوپەیمانیی جمهوور گۆزەی شووشە نییە تاوەکو درزی تێبکەوێت و بشکێت. هیچ کەسێک ناتوانێت تۆوی دووبەرەکی لەنێو هاوپەیمانیی جمهوردا بچێنێت و هەوڵی لەوجۆرەش، ئەنجامی نابێت".
 
دەوڵەت باخچەلی هەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە بەرز دەنرخێنێت و نووسیویەتی: "بانگەوازەکانی بەڕێز سەرۆککۆمارمان بۆ ئاشتی و دیالۆگ لە ناوچە ناکۆکەکانی جیهاندا دەبێت وەکو هیوا بۆ چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان سەیر بکرێن. پشتگوێخستنی ئەم بانگەوازانە کە زمانحاڵی ویژدانی مرۆڤایەتین، بە تەواوی دژی پێوەرەکانی دادپەروەرییە و قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە".
 
سەرۆکی مەهەپە هەروەها لەبارەی دۆخی نێوخۆ و رۆڵی ئەردۆغان لە پرۆسەی چارەسەریدا گوتی: "تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوەیدا ئامانجی ئاشتی و ئارامیی هەمیشەییە. ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر روونترین و دیارترین نموونەی ئەمەیە. هێزی ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانی و برایەتیمانە".
 
باخچەلی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باسی دروستبوونی دووبەرەکی لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە دەکەن، گوتی: "هاوپەیمانیی جمهوور، یەکێتییەکی مێژووییە کە لەسەر بنەمای ئەخلاق، مەعنەوی، خۆشەویستیی نیشتمان و گەل، شەوی 15ـی تەممووز لە گۆڕەپانەکاندا دامەزرا. تاوانبارانی مێزی 6 قۆڵی کە پارچە پارچە بوو، روویان نەماوە قسە بکەن. هاوپەیمانیی جمهوور، هیوای داهاتوو، ئاسۆی سەربەخۆیی و گرەنتیی مانەوەی گەلی تورک و تورکیایە".
 
هاوپەیمانیی جمهوور رۆژی 20-2-2018 لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە واژۆکرا. هەرچەندە پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ و هوداپاریش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023 دا پشتیوانیی خۆیانیان بۆ ئەو هاوپەیمانیی راگەیاند، بەڵام پشتگیرییەکە تایبەت بە هەڵبژاردن بوو. 
 
بەگوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکان، لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا، هاوپەیمانیی جمهوور 319 کورسیی هەیە؛ ئاکپارتی 272 و مەهەپە 47 کورسییان هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە