رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی- پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری بۆ جاری سێیەم، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، رۆژی سێشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2025 شاندی ئیمراڵی کە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پێکدێت، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە میدیای تورکیای راگەیاند، شاندی ئیمراڵی لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ جاری سێیەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
ئەمە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا دەکرێت.
لە 10ـی نیسانی 2025، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و کۆچکردوو سری سورەیا ئۆندەر، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ پێکهاتبوو، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە.
دووەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان لە حەوتی تەممووزی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەچوو و پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار بەشداربوون. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاندبوو.
شاندی ئیمراڵی، پێش کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان، سەردانی ئیمراڵییان کردبوو و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببوونەوە. پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان، لە بارەگای سەرەکیی پارتییەکەیان لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کۆببوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ