رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە رایگەیاند، فیدراڵی لە قوبرس دەبێتە پریشکێک بۆ سووریاش.
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 بۆ میدیای وڵاتەکەی قسەی کرد.
باخچەلی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی قوبرس ئاماژەی بەوەدا، پێش هەڵبژاردن باسی فیدراڵی دەکرا و ئەو بەربژێرەی ئێستا بووەتە سەرۆککۆمار بەرگریی لە هەمان بۆچوون دەکرد و ئەمەش نیگەرانیی لای ئەو دروستکردووە.
باخچەلی گوتی: "پێش هەڵبژاردنەکان، لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکاندا مشتومڕێکی زۆر لەسەر فیدراڵی یان چارەسەریی دوو دەوڵەتی کرا. لەبەرئەوە، بیرم کردەوە ئەگەر بەربژێرێک کە بەرگری لە بیری فیدراڵی دەکات سەربکەوێت، پێویستە ئەو پریشکە بچووکەی فیدراڵی نەبێتە ئاگرێکی گەورە و لەبەرئەوە من ئەو لێدوانە سەرەتاییەم دا. ئەم بۆچوونە دۆخێکی زۆر مەترسیدار بۆ تورکیا دروستدەکات. ئەمە ئەو هێزانە هان دەدات کە لە کۆماری تورکی باکووری قوبرس ئامانجیان فیدراڵییە، لە سووریاش ئامانجیان فیدراڵییە. ئەمەش بۆ تورکیا قبووڵکراو نییە. لەم چوارچێوەیەدا کاتێک سەیری دەکەین، راستترین بڕیار لکاندنی قوبرس دەبێت بە تورکیاوە."
سەرۆکی مەهەپە، لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی "سەرۆکی دامەزرێنەر" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاندووە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەکە بەکاریهێناوە و لەو پڕۆسەیەدا لایەنی دۆڕاو یان براوە نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ