راوێژکارێکی باڵای ئەردۆغان: پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کورد لە 'کێشە'وە بووەتە 'بابەت'

23-11-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئوچوم، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان دا پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کورد لە "کێشە"وە گۆڕاوە بۆ "بابەت." جەخت لەوەش دەکاتەوە، پرۆسەی چارەسەری بە ئاراستەی تورکیایەکی بێ تیرۆر خێراتر بووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 محەممەد ئوچوم، کە هاوکات جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، لە گوتارێکی شیکاریدا باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، کۆمیسیۆنی پەرلەمان بڕیاری داوە گوێ لە ئیمراڵی بگرێت و راپۆرتێکی یاسایی لەوبارەیەوە ئامادە دەکات.
 
راوێژکارەکەی ئەردۆغان هۆشداری دەدات لەوەی، "دژبەران بە هزرێکی سیستماتیک" کار دەکەن بۆ "بێبەهاکردن و لەباربردنی دەستکەوتەکانی پرۆسەکە،" بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە نابێت هەموو رەخنەیەک وەک "تێکدەری" سەیر بکرێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گوێگرتن لە ئیمراڵی، "دۆخێکی نوێ و بەرجەستە دێتە ئاراوە و دژایەتییە تیۆرییەکان لە بەرامبەریدا بێمانا دەبن."
 
ئوچوم رەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتاییهێنان بە سیاسەتی "نکۆڵیکردن" لە کورد پشتگوێ دەخەن و دەڵێت، "نابێت هەرگیز لەبیربکرێت کە ئەو قۆناخەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، پشتی بە سەرکردایەتیی مەزنی سەرۆک ئەردۆغان و سیاسەتە بنیاتنەرەکانی بەستووە."
 
پێنج "بابەت" لەبری "کێشەی کورد"
 
بە گوتەی محەممەم ئوچوم، لە تورکیای ئەمڕۆدا پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کورد چەند بابەتێک لەخۆدەگرێت، نەک کێشەیەک.
 
ئەو بابەتانە بە گوتەی ئوچوم بریتین لە:
 
یەکەم: یەکگرتنی تەواوی کورد لەگەڵ دەوڵەت: ئەمەش لە رێگەی "بنبڕکردنی مەیلی جوداخوازییەوە دێت." 
 
دووەم: بەرپرسیارێتیی کورد: وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی تەواو لەلایەن کوردەوە لە پێشکەوتنی دیموکراسیی تورکیادا.
 
سێیەم: زمانی کوردی: هیچ ناکۆکییەک لەنێوان گشتگیریی زمانی تورکی وەک زمانی سەروەری و یەکێتیی نەتەوەیی و ئازادیی زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەدا نییە. لەم چوارچێوەیەدا، ئازادیی زمانی کوردی بەهێزتر و هەمیشەیی دەکرێت
 
چوارەم: هاونیشتمانیبوونی یەکسان: کێشەی یاساییمان لەگەڵ 'هاووڵاتیبوونی یەکسان'دا نییە، بەڵام دڵنیابوون لەوەی کە هەستی 'یەکسانی لەنێوان هەموو هاووڵاتییانماندا' لە کردەوەدا باڵادەست بێت، یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگەکان.
 
پێنجەم: گۆڕانکاری لە ئیدارە خۆجێیەکان: ئەمە پێویستیی هەموو تورکیایە، نەک تەنیا چەند پارێزگایەک.
 
لە کۆتاییدا، راوێژکارەکەی ئەردۆغان دەڵێت، "بابەتی سەرەکیی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی تورکیا پێکەوە وەک یەک نەتەوە خاوەندارێتی لە کۆماری تورکیا بکەن، ئەمەش تورکیا دەکاتە هێزی یەکلاکەرەوەی ناوچەکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو