ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: بەشداری لەو رێگەیە ناکەین کە زۆرینەی خەڵک پەسندی ناکات

23-11-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، لە سەرەتاوە پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری دەکەن و گوتیشی: "ویستمان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد روونە" و جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ چارەسەرێکی دیموکراسی و شەفافدان. گوتیشی، بەشداری لەو رێگەیە ناکەن کە زۆرینەی خەڵک پەسندی ناکات.
 
'با هۆکارەکان بە باشی باس بکرێن'
 
ئیمامئۆغڵو هەروەها بەبیری هێنایەوە جەهەپە لەو کۆمیسیۆنەکەدا بەشدارە کە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان و چارەسەرکردنی پرسی کورد پێکهێنراوە. 
 
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هۆکاری پشتیوانی نەکردنیان بۆ ئەو پێشنیازەی سەبارەت بە "دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی" کە پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە کراوە بە باشی روون بکرێتەوە.
 
ئیمامئۆغڵو هەروەها گوتی: "بەشداری لەو رێگەیە ناکەین کە زۆرینەی خەڵک پەسندی ناکات".
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەروەها گوتی، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە رازى بکرێن، تاوەکو هەنگاوی بەدیموکراسیکردن نەنرێت، جەهەپە لە سەر هەڵوێستی هۆشیارانەی خۆی بەردەوام دەبێت. 
 
جەختی لەوە کردەوە، دانانی قەییووم بۆ شارەوانییەکان، سیاسەتڤانە زیندانیکراوەکان و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووری ی تورکیا، ئاستەنگن لە بەردەم پرۆسەکەدا.
 
'ئەگەر لەسەر رێگەی راست بڕوات پشتیوانی دەکەین'
 
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت پرۆسەی چارەسەری پشت بە دیموکراسیکردن و هاونیشتمانیبوونی یەکسان ببەستێت و گوتی: " ئامادەین ئەوەی لەدەستمان بێت بیکەین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتن بگات. بۆ ئەمڕۆ و سبەی ئامادەین بەشداری لە ئاشتییەکی بەردەوامدا بکەین".
 
پشتیوانی لە ئۆزگور ئۆزەل کرد
 
ئیمامئۆغڵو پشتیوانی لە هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کرد و گوتی: "تەنیا رێبەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە خەڵکە. منیش شانازی دەکەم کە شانبەشانی سەرۆک ئۆزگور لەم رێگەیەدا دەڕۆم". 
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 21-11-2025 بڕیاری دا هیچ ئەندامێکی نێو کۆمیسیۆنەکە نەنێرێتە گرتووخانەی ئیمراڵی.
 
موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، دەستەی راپەڕاندنی ناوەندیی حیزبەکەیان کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە، "بەشداری نەکەین لەو شاندەی دەچنە ئیمراڵی".
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، هیچ ئەندامێک نانێرنە ئیمراڵی بەڵام  کارەکانیان لە کۆمیسیۆنەکە بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە