رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رێبەری دامەزرێنەر ناوبرد و گوتی، بەڕەیەکی بە دیاری بۆ ناردووە.
سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ یەکەمجار لەبارەی تەوقەکردنی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی قسەی کرد و بابەتێکی دیکەی ورووژاند کە بووەتە جێی سەرنج.
لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزۆنیی تایبەتدا ئێوارەی رۆژی شەممە 24-1-2026، دەوڵەت باخچەلی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دیدار و نزیکبوونەوەکانی لەگەڵ دەم پارتی گوتی: "لەسەر تەوقەکردنم لەگەڵ دەم پارتی بۆچوونی زۆر خرانەڕوو؛ ئەو تەوقەکردنە بە تەواوی کتوپڕ بوو."
باخچەلی گوتی: "دوای ئەو گوتارەی بەڕێز سەرۆککۆمار لە کردنەوەی پەرلەماندا پێشکێشی کرد و ئەو هیوا و ئاواتانەی بۆ 'سەدەی تورکیا' باسیکردن، سەیری هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانم کرد. بینیم پەرلەمانتارانی مەهەپە و ئاکپارتی چەپڵەیان بۆ گوتارەکە لێ دەدا، ئۆپۆزسیۆنیش تەنیا تەماشای دەکرد. لەو ساتەدا پێم وابوو پێویستە هەنگاوێک لە پێناو تورکیادا بنرێت، چوومە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی و تەوقەم لەگەڵ کردن. پەرلەمانتارێکیان لەوێ بوو کە کەسێکی نزیکی گیانی لەدەستدابوو، سەرەخۆشیم لێی کرد. ئەم دۆخە ئەوانیشی تووشی سەرسوڕمان کرد."
دەستەواژەی "رێبەری دامەزرێنەر"
باخچەلی راشیگەیاند، دوای تەوقەکردنەکە گوتبووی "با ئۆجەلان بێت لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات"، هەروەها گوتیشی بۆچی لەبری "سەردەستەی تیرۆریستان" دەستەواژەی "رێبەری دامەزرێنەر"ی بەکارهێناوە و گوتی: "کورتترین رێگە بۆ گەیشتن لە خاڵی A بۆ خاڵی B، کێشانی هێڵێکی راستە؛ رێگەی خوار مەوداکە درێژ دەکاتەوە. ئەگەر خاڵی A کۆماری تورکیا بێت، ئەوا خاڵی B رێبەری دامەزرێنەرە. خێراترین رێگەش بۆ بنبڕکردنی تیرۆر هەر ئەمەیە. زۆر گرنگە وڵات و نەتەوەکەمان بە ئاشتی و بەهێزەوە بەردەوام بن؛ ئەو سەرچاوە و بودجەیەی بۆ تیرۆر تەرخان دەکرێت، پێویستە بۆ خۆشگوزەرانی و وەبەرهێنان بەکاربهێنرێت."
دیارییەکەی ئۆجەلان بۆ باخچەلی
باخچەلی رایگەیاند: "رۆژی 12ی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی دەم پارتی لە پەرلەمان سەردانیان کردین. لەو سەردانەدا بەڕەیەکیان پێشکێش کردم کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری دامەزرێنەر لە رووها بە تایبەت بە چنینی دابوو".
باخچەلی سوپاسی ئۆجەلانی کرد بۆ ئەو راستگۆییەی لە پرسی یەکێتیی تورک و کورد و برایەتی دا نیشانی داوە و ئاماژەی بەوە کرد کە بە خۆشحاڵییەوە بەڕەکەی وەرگرتووە.
باخچەلی دەڵێت لە کاتی سەردانەکەدا بە شاندەکەی گوتووە، لە نەریتی ئەواندا هەر بەڕەیەک ناوێکی هەیە.
لەم سۆنگەیەوە باخچەلی گوتی کە دیارییەکەی ئۆجەلانی بە 'بەڕەی ئاشتی و دیموکراسیی 27ی شوباتی 2025' ناو ناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ