تورکیا 11.6 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی دەخاتە بازاڕەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار جەلالەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بڕیاریداوە 11.6 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خۆی بەکاربهێنێت، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نرخ.
 
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، لە کاتی سەردانی بۆ کانێکی خەڵووز لە پارێزگای زۆنگوڵداک، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی بلومبێرگی دایەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەی نیشتمانیی یەدەگی نەوتمان کۆکردەوە و بڕیارمان دا بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، بڕی 11.6 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتمان بخەینەڕوو."
 
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە نەوتە لە ماوەی 90 رۆژدا دەخرێتە بازاڕەوە.
 
ئەم بڕیارەی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار، بڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی جیهانی دەخرێتە بازاڕەوە، کە ئەمەش بە گەورەترین بڕی نەوتی یەدەگ دادەنرێت لە مێژووی ئاژانسەکەدا بەکاربهێنرێت.
 
سەبارەت بە ئەگەری داواکردنی لێخۆشبوون لە ئەمریکا بۆ زیادکردنی کڕینی نەوت لە رووسیا، بایراکتار گوتی: "تاوەکو ئێستا کێشەیەکی جددیمان نییە، ئەگەر پێویست بکات و شتێکی وا رووبدات، لە کاتی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین."
 
وەزیری وزەی تورکیا دڵنیایی دا لەبارەی دابینکردنی گازی سرووشتی و گوتی، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پێویستییان بە هاوردەکردنی گاز کەمبووەتەوە. راشیگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کێشەیەکمان لە گازی سرووشتیدا نییە، نە لەگەڵ ئێران و نە هیچ وڵاتێکی دیکە؛ هاووڵاتییانمان هەستیان بە هیچ گرفتێک نەکردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانی تورکیا

کۆبوونەوە داخراوەکەی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی شەڕی ئێرانەوە چوار کاژێری خایاند

پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆبووەوە؛ کۆبوونەوەکە بە شێوەی "داخراو" بوو و چوار کاژێری خایاند، تێیدا وەزیرانی دەرەوە و بەرگری دوایین پێشهاتەکانیان بۆ پەرلەمانتاران روون کردەوە.