رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی تاوتوێی "تورکیا بێ تیرۆر"یان کردووە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24 ـی نیسانی 2025، سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی لە ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ هەریەک لە گوڵستان کلچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە باڵەخانەی وەزارەتەکەان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ پرۆسەی "تورکیا بێ تیرۆر" کرد.
کۆبوونەوەکەی دەم پارتی و وەزیری داد، کە کاژێر 10:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیپێکرد، نزیکەی دوو کاژێری خایاند.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، ئەندامی شاندی دەم پارتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باسیان لە بارودۆخی کار و تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کردووە، هەروەها دۆخی زیندانیانی سیاسیش لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بووە.
کۆچیغیت گوتی: "بە بەڕێز وەزیرمان راگەیاند، بارودۆخی کارکردنی بەڕێز ئۆجەلان گرنگترین بابەتە. پێمانوایە لە ماوەی داهاتوودا چانسی بینینی هەندێک پێشهاتمان لەم بارەیەوە دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی زیندانیانی سیاسی بە گشتی و لە نێویاندا دۆخی فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاشیش تاوتوێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ