رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەر پرسی پەنابەرانی سووریایی رەخنەی تووندی لە رکابەرەکەی گرت و رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو پەنابەرانە دروست دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە بڕیارە لە 28ـی ئایار بکرێت، لە شارۆچکەی ماماک لە ئەنقەرە گوتارێکی بۆ ئەندامانی ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور پێشکێشکرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی 21 ساڵی دەسەڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، لە هەموو روویەکەوە "بەیەکسانی" خزمەتی سەرانسەری تورکیایان کردووە و وڵاتیان لە "تاریکستانی و دواکەوتوویی" گەیاندە "ئەوپەڕی پێشکەوتنەوە".
ئەردۆغان داوای لە ئەندامان و لایەنگران و دەنگدەرانی ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور کرد، بێباک نەبن لەوەی کە لە گەڕی یەکەمدا بە جیاوازییەکی زۆر لەپێشەوەبوون، پێویستە بە هەموو توانایەکیان لە جاران زیاتر و بە جۆش و خرۆشەوە روو لە سندووقی دەنگدان بکەن و دەنگی زیاتر بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی درێژە بە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی تورکیا بدەن.
هاوکات رەخنەی تووندی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانیی میلـلەت گرت لەبارەی هەڕەشەی بەردەوامیان لە دژی پەنابەرانی سووریایی و تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو کە کارتی پەنابەرانی سووریایی بەکاردەهێنێت بۆ پەردەپۆشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەندیل.
ئەردۆغان گوتی: لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆردا" کەس ناتوانێت شان لە شانیان بدات و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەنابەرانی سووریایی، تائێستا 500 هەزار پەنابەریان گەڕاندووەتەوە باکووری سووریا و بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ یەک ملیۆن پەنابەری دیکەش دروست دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ