رووداو دیجیتاڵ
موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت کە چوار ساڵ لەمەوبەر دەستی لە جەهەپە کێشایەوە و ئەو پارتەی دامەزراند، رۆژی سێشەممە، 24-6-2025 گەڕایەوە ریزەکانی جەهەپە.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، موحەڕەم ئینجە بەشدار بوو و بە فەرمی پەیوەندی بە پارتەکەوە کردەوە و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکەوە پێشوازی لێکرا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەکەدا موحەڕەم ئینجەی بانگهێشتی سەکۆی گوتاردان کرد و پێشوازی لێکرد.
ئۆزەل رایگەیاند، سەرەتا موحەڕەم ئینجە و دواتریش چاوەڕێی تەواوی ئەندامانی پارتی مەملەکەت دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە 'ماڵەباوک' کە مەبەستی جەهەپە بوو.
موحەڕەم ئینجە گوتی: "بە بانگهێشتی راستگۆیانەی سەرۆکمان بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل هاتووم".
موحەڕەم ئینجە رۆژی 31-1-2021 دەستلەکارکێشانەوەی لە جەهەپە راگەیاند و رۆژی 8-2-2021 بە فەرمی ئەندامێتیی لەو پارتە کۆتاییهات.
ئینجە هەمان ساڵ پارتی مەملەکەتی دامەزراند و لەوێوە درێژەی بە کاری سیاسی دا.
پارتی مەملەکەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023 0.9٪ی دەنگەکانی هێنا و نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بباتەوە.
موحەڕەم ئینجە کێیە؟
-4ی ئایاری 1964 لەدایکبووە
-خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندی لە پارێزگای یاڵۆڤای تورکیا تەواوکردووە
-بەشی فیزیای لە زانکۆی باڵیکەسیر تەواوکردووە
-مامۆستای فیزیا بووە
-ساڵی 2002 بە پەرلەمانتاری جەهەپە هەڵبژێردرا
-ساڵی 2007 جارێکی دیکە هەڵبژێردرا
-ساڵی 2015 وەکو پەرلەمانتاری جەهەپە بۆ سێیەم جار هەڵبژێردرایەوە
-ساڵی 2018 بەربژێری جەهەپە بوو بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و دەرنەچوو
-8ی شوباتی 2021 بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند
-17ی ئایاری 2021 پارتێکی بەناوی "مەملەکەت" راگەیاند
-24ی حوزەیرانی 2025 بە فەرمی پەیوەندی بە جەهەپە کردەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ