وەزیری خێزانی تورکیا: ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانمان بۆ 25 ملیۆن دادەبەزێت

24-07-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا باسی مەترسیی کەمبوونەوەی منداڵبوون دەکات و دەڵێت، بەم شێوەیە بڕوات، ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بۆ 25 ملیۆن دادەبەزێت.
 
ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بابەتی کەمبوونەوەی خێرای ژمارەی دانیشتوواندا لە دۆخێکی خراپدایە.
 
هەر بەگوێرەی گوتەکانی ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، بە شێوەیەکی تیکڕا خێرایی لەدایکبوون لە تورکیا 1.48 دابەزیوە، ئەمە بە مەترسی وەسف دەکات و دەڵێت، "ساڵی 2014 لە 52 پارێزگادا رێژەی لەدایکبوون لە 2.1 کەمتر بوو. ئێستا 71 پارێزگادا ئەو رێژەیە کەمترە لە 2.1".
 
گۆکتاش ئاماژە بەوە دەدات، "بە پشتبەستن بە ئاماری پێشبینیکراوی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک) ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانمان دادەبەزێت بۆ 54 ملیۆن کەس. هەروەها بەگوێرەی ئاماری پێشبینیکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەگاتە 38 ملیۆن، بەڵام بەگوێرەی سیناریۆیەکی دیکە، ژمارەی دانیشتووانمان ساڵی 2100 دەگاتە 25 ملیۆن کەس".
 
ئامارەکانی لەدایکبوون و دانیشتووانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، بە شێوەی تێکڕایی تەمەنی بوون بە دایک روو لە هەڵکشانە و ئێستا 29.3 ساڵە. چونکە گەنجان درەنگ دەڕۆنە نێو پرۆسەی هاوژینی و درەنگیش دەبنە خاوەن منداڵ. بە گشتیش ژمارەی ئەندامانی ماڵبات لە چوارەوە بۆ سێ دابەزیوە.
 
وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا راشیگەیاند، لە رۆژی 1-1-2025ــەوە پاکێجیکی تازەی منداڵبوون کارا بووە.
 
بەگوێرەی ئەو پاکێجە، لەکاتی لەدایکبوونی منداڵی یەکەم حکومەت بۆ یەک جار 5 هەزار لیرە (نزیکەی 120 دۆلار) دەدات. لە منداڵی دووەمدا مانگانە 500 لیرە (نزیکەی 12 دۆلار) دەدرێت. لە منداڵی سێیەمدا یەک جار 120 دۆلار دەدرێت. 
 
وەزیری خێزان هەروەها رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 220 هەزار و 268 کەس سوودیان لەم پاکێجە بینیوە و بە هەموویان 1 ملیار و 750 ملیۆن لیرە (نزیکەی 43.2 ملیۆن دۆلار)یان وەرگرتووە.
 
وەزارەتی خێزان هەروەها بڕیاری نیو دەوامی بۆ ئەو دایک و باوکانە خستە بواری جێبەجێکردن کە منداڵی تازە لەدایکبوویان هەیە. 
 
بەگوێرەی بڕیارەکە دایبابان تاوەکو منداڵەکەیان دەچێتە قوتابخانە، بۆیان هەیە هەفتانە 20 کاژێر کاربکەن. ئەمە لەکاتێکدایە فەرمانبەران لە دۆخی ئاساییدا هەفتانە 40 کاژێر کاردەکەن. 
 
ئەردۆغان کەمبوونەوەی منداڵبوونی بە کارەسات ناوبرد
 
لەکاتی گەڕانەوەی لە قوبرسی باکوورەوە بۆ تورکیا، سێشەممە 22-07-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە چەند تەوەرێکی رۆژەڤ دایەوە. یەکێک لەو بابەتانەی ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر کرد و بە نیشانەیەکی 'خراپ و کارەسات' بۆ سەر وڵاتەکەی ناوی برد، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون بوو.
 
ئەردۆغان گوتی، "دابەزینی خێرایی رێژەی لەدایکبوون بۆ خوار 1.5 قۆناخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە هیچ خێرێکی تێدا نییە. ئێمە لە قۆناخی سێ بووین و ئێستا بۆ خوار 1.5 دابەزیوین. لە کاتێکدا ئامانجی ئێمە زۆر جیاواز بوو، بەڵام لەم بابەتەدا ئێستا لە شوێنێکی باش نین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رێنوێنیی بە ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی دا، بۆ ئەوەی لە بابەتی منداڵبووندا زیاتر هانی دایبابان بدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو