رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا کە لە 19 پارێزگا بەڕێوەچوو، گرووپێکی تاوانی رێکخراو هەڵوەشێندرایەوە و 106 کەس دەستبەسەرکران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا دژی تاوانەکانی دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە ئەنجامدانی تاوان، ئەندامبوون لە رێکخراوی دامەزراو، قاچاخچێتیی کۆچبەران، سپیکردنەوەی ئەو سامانەی لە رێگەی تاوانەوە بەدەستهاتووە، فێڵی گەورە و ساختەکردنی بەڵگەنامەی تایبەت، لە 19 پارێزگا کە ناوەندەکەی ئیستەنبووڵ بوو 106 گومانلێکراومان دەستبەسەرکرد."
بە گوتەی یەرلیکایا، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون بە سەرۆکایەتیی (م. ئا.) و بە شێوەیەکی رێکخراو، خانووبەرەیان بە شێوەیەکی ساختە بە 451 بیانی و خێزانەکانیان فرۆشتووە بۆ ئەوەی ببنە هاووڵاتیی تورکیا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، دەستبەجێ رێکارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی وڵاتینامەی ئەو کەسە بیانییانە دەستی پێکرد و دەست بەسەر سامان و موڵکی گومانلێکراواندا گیرا کە پێکدێت لە گرووپی کۆمپانیاکانی هۆڵدینگ، 5 کۆمپانیای جیاواز، 1240 شوقە، 47 ئۆتۆمبێل، 65 پارچە زەوی و هەژمارە بانکییەکانیان.
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکڕن. هەر بیانییەک 400 هەزار دۆلار لە تورکیا وەبەرهێنان بکات یان موڵکێک بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێت مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ