یاریدەدەری ئەردۆغان: دەمانەوێ پێکەوە داهاتوویەک دروستبکەین

24-11-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد بویوکگوموش، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەی لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بە بووژانەوە لە باکووری کوردستان کرد.
 
بویوکگوموش باسی لەوە کرد، تورکیا ساڵانێکە دەردەسەریی زۆری بەدەست شەڕ و پێکدادانەوە بینیوە و گوتی: "نەوەک تەنیا خەڵکی ناوچەکە، بەڵکو تەواوی تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ لە خستنەگەڕی توانا بۆ پێشکەوتن دواکەوت. لە سەردەمی ئاکپارتی و بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە هەنگاوەکانمان چاکسازیی گرنگمان کرد".
 
ئەحمەد بویوکگوموش رایگەیاند: "هەمیشە لە هەوڵدا بووین لەگەڵ گەلەکەمان نەوەک تەنیا لە رووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە رووی ماف و ئازادییەکانیشەوە هەنگاوی وەها بنێین وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە بەرێ. هەنگاوی زۆرمان ماوە و ئامانجی زۆرمان ماوە بیپێکین. باوەڕمان وایە لە ئاستی هەنگاوی زۆر گرنگداین کە پێکەوە لە گەشەپێدانی ئابووری و بابەتی ماف و ئازادییەکاندا دەینێین."
 
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی رایگەیاند، ئارەزوو دەکەن ئەو دڵسۆزییەی برایەتی و پێکەوەژیان کە هەیە، بەسەر جیهاندا زاڵ بێت و گوتی: "ئامانجەکانمان بۆ تورکیای بێ تیرۆر لە سەرووی ئەو بابەتانەیە کە پلانی جێبەجێکردنیانمان بۆیان هەیە. کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ مێژووی سیاسیی تورکیا دەکەین و دەگەڕێینەوە بۆ رابردوو، تێدەگەین تیرۆر وەک کۆت و زنجیرێک بووە بۆ رێگریکردن لە پێشکەوتنی وڵاتەکەمان".
 
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی باسی لە کاریگەری شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکان کرد و گوتی: بەهۆی ئەو شەڕەوە "بڕی 2 تریلیۆن دۆلارمان لەدەست داوە، لەبری ئەوەی بۆ خەڵکەکەمان خەرجی بکەین. لەم چوارچێوەیەدا شایەتی ئەوە دەدەین کە ساڵانە 50 ملیار دۆلار دەبێتە قوربانیی تیرۆر، لەکاتێکدا ئەمە دەبوو بگاتە دەستی گەلەکەمان. واتە کاتێک دەڵێین 50 ملیار دۆلار، باس لە سەرچاوەیەک دەکەین کە دەتوانێت 5-6 شاری ئەنادۆڵ بە ژێرخان و سەرخان و قوتابخانەکانیانەوە بەتەواوی ببووژێنێتەوە. دەمانەوێ پێکەوە داهاتوویەک بنیات بنێین کە تێیدا خانەنشینان، کرێکاران، کاسبکاران، پیشەوەران، ژنان، گەنجان و قوتابییان پێکەوە هەنگاو بۆ سەرخستنی تورکیای نوێ بنێن."
 
بویوکگوموش و شاندەکەی یاوەری سەردانی بارەگای سەرۆکایەتیی لقی ئاکپارتییان کرد و لەگەڵ ئەندامانی پارتەکە کۆبوونەوە.
 
لە رۆژی 1-10-2024ــەوە و بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پرۆسەی چارەسەری دەستیپیکرد و تاوەکو ئەمڕۆ چەندین هەنگاو لەمبارەیەوە نراون.
 
رۆژی هەینی 21-11-2025 کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بە 32 دەنگ بڕیاری دا شاندێک بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەوانەی ئیمراڵی بکات. 
 
لە دەنگدانەکەدا مەهەپە، ئاکپارتی، دەم پارتی و چەند پارتێکی دیکە بە بەڵێ دەنگیان دا، بەڵام جەهەپە بایکۆتی کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو