ئەردۆغان: سەردانی شاندەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی رێگە بۆ پرۆسەکە خۆش دەکات

24-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوایین بڕیاری کۆمیسیۆنی پرۆسەری چارەسەری پەرلەمانی وڵاتەکەی لەبارەی سەردانی شاندێكیان بۆ ئیمراڵی رێگە بۆ پرۆسەکە خۆش دەکات. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە، 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی G20 لە ئەفریقای باشوور قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ئەوان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، کارەکانیان بە هاوئاهەنگی دەکەن و گوتی: "لەنێوان من و بەڕێز باخچەلی، هەروەها لەنێوان هاوڕێکانمان و هاوتاکانیان لە مەهەپە دیالۆگێکی نزیک هەیە. لە کاتە دیاریکراوەکاندا پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین. بەم مۆدێلی کارکردنە، تاوەکو ئێستا پرۆسەکەمان بەبێ کێشە هێناوە."
 
ئەردۆغان، باسی لە گرنگیی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کرد و گوتی: "کۆمیسیۆن بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کارە گرنگەکانی کرد. ئێمەش هەموو پشتگیرییەکمان پێشکەشی کۆمیسیۆن کرد."
 
سەبارەت بە بڕیاری کۆمیسیۆنەکە بۆ چوونە ئیمراڵی، ئەردۆغان گوتی: "دوایین بڕیاری کۆمیسیۆن، وەکو بڕیارێک هەڵدەسەنگێنین کە رێگە بۆ پرۆسەکە خۆش دەکات، پشتگیریی پرۆسەکە دەکات و بنبڕکردنی تیرۆر خێراتر دەکات."
 
رۆژی هەینی 21-11-2025 کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا شاندێکی کۆمیسیۆن بنێرێت بۆ دوورگەی ئیمراڵی بۆ ئەوەی گوێ لە بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە بارەی پرۆسەی چارەسەری بگرێت.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە نوێنەری پارتەکەی کرد، کە بڕیارە لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری دیکە لە مەهەپە و دەم پارتی سەردانی ئیمرالی بکەن و گوتی: "وەکو نوێنەری پارتەکەمان، حوسێن یایمان پەرلەمانتاری هاتای مان بۆ ئەم ئەرکە دیاری کرد. بەڕێز حوسێن ساڵانێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە کاری کردووە و پێشتریش لە شاندی دانایاندا بووە. لەبەر شارەزایی لەسەر ئەم بابەتە، بەڕێز حوسێن بەناوی پارتەکەمانەوە بەشداری لە کارەکاندا دەکات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە