وادەی کارکردنی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دوو مانگ درێژکرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچێوەی چارەسەی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، بۆ ماوەی دوو مانگ درێژکرایەوە.
 
کۆمیسیۆنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 24 ـی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ 20ـەمین جار کۆبووەوە. بە دەنگدان بڕیاردرا ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە قۆناخی نووسینی راپۆرتدا بۆ ماوەی دوو مانگ درێژ بکرێتەوە.
 
هۆکاری بڕیارەکە
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، بە پاساوی ئەوەی راپۆرتە هاوبەشەکەی تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم ئامادە نابێت، ئەمڕۆ بۆ 20ـەمین جار کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر حەوا کۆک ئارسڵان و موراد سەڤەجەن، هەریەکەیان سیمینارێکیان لەبارەی شیکاریی ئەو گوتارانەی لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنەکە پێشکێش کرابوون، پێشکێش کرد.
 
لە سیمینارەکاندا تیشک خرایە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان و پێداویستییەکانی نێوان گوتارەکان. دوای قسەی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە لەسەر سیمینارەکان، بە کۆی دەنگ بڕیاردرا ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە بۆ دوو مانگ درێژ بکرێتەوە.
 
راپۆرت دەنووسرێت
 
لە ماوەی دوو مانگەکەدا، ئەو راپۆرتانەی کە پێشنیازی چارەسەریی پارتە سیاسییەکانیان تێدایە، لەلایەن تیمی نووسینەوە تاوتوێ دەکرێن و راپۆرتی کۆتایی کە رێکخستنی یاساییش لەخۆدەگرێت، دەنووسرێتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنەکە لەم ماوەیەدا راپۆرتەکەی ئامادە بکات.
 
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی پێکهێنراوە.
 
کۆمیسیۆنەکە کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پێکهێنراوە، لە پێنجی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد و گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. بەمەش قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە. 
 
سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێش کردووە و چاوەڕوان دەکرێ تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە