ئەردۆغان: سیستمی جیهانی درزی تێکەوتووە؛ 'یاسای هێز' زاڵ دەبێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووند لە سیستمی ئێستای جیهان دەگرێت و دەڵێت، ئەو سیستمەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم دامەزراوە "لە بنەڕەتەوە درزی تێکەوتووە". بە بڕوای ئەردۆغان، ئێستا جیهان لە قۆناخێکدایە کە "یاسای هێز" شوێنی "هێزی یاسا" دەگرێتەوە.
 
رۆژی شەممە 24-01-2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک لە پارێزگای ئایدن گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هەڵوەستەی لەسەر گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهان کرد.
 
ئەردۆغان گوتی، "بەخێرایی بەرەو پێکهاتەیەک دەڕۆین کە تێیدا لە شوێنی هێزی یاسا، یاسای هێز زاڵە. ئەو وڵاتانەی ساڵانێک بوو لە جوگرافیایەکی ئاسوودەدا چێژیان لە ژیان وەردەگرت، بۆ یەکەمجار رووبەڕووی راستییەکانی ژیان دەبنەوە. ئەوانیش دەستیان کردووە بە رووبەڕووبوونەوەی بەشێکی زۆر کەمی ئەو کێشانەی کە ئێمە ساڵانێکە دەستەویەخەی بووین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گفتوگۆکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) کرد و رایگەیاند، بۆچوونی سەرکردەکانی رۆژئاوا گۆڕاوە.
 
ئەردۆغان گوتی، "سەرکردە رۆژئاواییەکان، کە تاوەکو دوێنێ ستایشی سیستمی جیهانییان بۆ دەکردین، ئەمڕۆ باسی لادان و نادادپەروەری و کێشەکانی سیستمەکە دەکەن. دەبینم ئەوانەی بێبەزەییانە رەخنەیان لێدەگرتین، ئەمڕۆ ددان بە راستیی قسەکانماندا دەنێن."
 
سەبارەت بە دۆخی سووریا و قۆناخی دوای بەشار ئەسەد، ئەردۆغان ستایشی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریای کرد.
 
ئەردۆغان حکومەتەکەی شەرع-ی بە "حکومەتێکی دۆستی زۆر نزیکی تورکیا" ناوبرد و گوتی، "لەژێر سەرکردایەتیی شەرع و بە پشتیوانیی بەهێزی ئێمە، ئێستا سووریا بەخێرایی خۆی رێکدەخاتەوە و دوای 13 ساڵ و نیو لە پێکدادان، ئاسایش و سەقامگیری جارێکی دیکە دەچەسپێندرێنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە