رووداو دیجیتاڵ
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان قسەیکرد و جەختی لەسەر بەردەوامبوونیان کردەوە.
دوای بەشداریکردنی لە پرۆگرامێک بەناوی 'کەرنەڤاڵی گەنجان' لە پارێزگای کایسەری کە رۆژی پێنجشەممە، 25-5-2023 بەڕێوەچوو، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند: "چەندین بەربەست لە بەردەم ئەمە داندراون، وەک چالاکیی تیرۆریستان و بەکارهێنانی میدیا و ئابووری، بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبوون. ئەو راگەیاندنانەی لە رۆژئاوا خۆیان بە بێلایەن نیشاندەدەن، بەرلە هەڵبژاردن تەواوی ژەهری خۆیانیان رشت".
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای وڵاتەکەی کرد کە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە بەڕێوەدەچن و گوتی: "تیرۆریستان تەنیا مردن یاخود خۆرادەستکردنەوەیان لەبەردەمە. ئێستا سەردەستەکانی تیرۆریستان لە ئاغاکانیان دەپاڕێنەوە تا سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی رابگرێت. ئۆپەراسیۆنەکان لە باکووری عێراق و باکووری سووریا ناوەستن. تا یەک تیرۆریست بمێنێت، بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەیان".
خولوسی ئاکار هەروەها داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کرد، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بدەن.
رۆژی 8ی ئایاری 2023 خولوسی ئاکار لە کۆنفرانسێکدا بە ناوی "نەوەی نوێی بەرگریی پیشەسازی لە تورکیا" لە پارێزگای کایسەری باسی لەوە کرد، کە لە رۆژی 24ـی تەموزی 2015ـەوە تاوەکو 8ی ئایاری 2023 لە باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا 37 هەزار و 818 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
بەگشتی بەرپرسانی تورکیا باس لە لاوازبوون و کەمبوونەوەی ژمارەی گەریلا دەکەن، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە ئەمە رەتدەکەنەوە و باس لە بەردەوامیی چالاکییەکانیان دەکەن.
یەکشەممە 21-5-2023 هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ناسنامەی دوو گەریلاى بە ناوەکانی رێزان دەرسیم و ئازاد غازی بڵاوكردەوە، كە ساڵى 2022 لە زاپ و مەتینی باشووری کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە. هەپەگە پێداگریی لە بەرخۆدان و چالاکییەکان لە دژی دەوڵەتی تورکیا دووپاتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ