رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە تورکیا ساڵی خێزانە. رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار، پاشەکشەی بەرچاو لە وەچەخستنەوە و گەشەی دانیشتووان لە وڵاتەکەیدا بە کارەسات ناودەبات. بەو هۆیەوە ساڵانی 2026 تاوەکو 2035 ـی وەک "دەیەی خێزان و دانیشتووان" ناساند.
سەرۆککۆمار رایگەیاند، "لە تورکیادا خێرایی وەچەخستنەوە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا دابەزیوە بۆ 1.48. ئەمە کارەساتە. ئەم ژمارەیە زۆر کەمترە لە ئاستی مەترسیداری 2.1".
سەرۆکی ئیی پارتی پاڵپشتی لە ناوەڕۆکی قسانەی ئەردۆغان دەکات، بەڵام کێشەی ئابووری و خودی ئەردۆغان بە هۆکار دەزانێت.
موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، "سەرۆککۆمار کاتێک ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت، ئەم دۆخە بە 'کارەساتێکی بێوێنە لە مێژووماندا' ناو دەبات. بەڵێ راستە، بەڵام تورکیا لە ئەنجامی 23 ساڵ حوکمڕانیی هەڵە گەیشتووەتە ئەم خاڵە. ئەگەر بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە رووبەڕووی کارەساتێک بووینەتەوە، بەڵام گەورەترین کارەسات کە لە چارەکی کۆتایی سەدەی رابردوودا بەسەر ئەم وڵاتەدا هاتووە، خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانە."
ئەردۆغان رەخنەی ئۆپۆزسیۆن بە هەند وەرناگرێت و پێی وایە بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی وایکردووە گەنجان لە پرۆسەی هاوسەرگیری دوور بکەونەوە.
ئەو دەڵێت، "هۆکاری دابەزینی رێژەی وەچەخستنەوە لە وڵاتەکەماندا هەرگیز کێشە ئابوورییە کاتییەکان نییە. بە پێچەوانەوە، لەو سەردەمانەی کە داهاتی تاکەکەسی پێنج یەکی ئاستی ئێستا بوو، رێژەی وەچەخستنەوە لە وڵاتەکەماندا نزیکەی دوو هێندە زیاتر بوو. بە تێپەڕبوونی ساڵان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی، رێژەی وەچەخستنەوە بەهۆی چەندین هۆکارەوە دەستی کرد بە دابەزین."
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا بۆ ساڵی 2024، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان 12 ملیۆن و 763 هەزار و 159 گەنج هەن، کە دەکاتە 14.9٪ ـی کۆی گشتی دانیشتووانی ئەو وڵاتە.
زۆرترین رێژەی گەنجان لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، شرنەخ و سێرت ـی باکووری کوردستانن.
بەپێی پێشبینییەکانی لێکۆڵینەوەکانی دانیشتووان، لە تورکیا رێژەی گەنجان کەم دەکات. بەپێی ئەمەش لە ساڵی 2030 ـدا بۆ 14.8٪، لە ساڵی 2040 ـدا 12.2٪، لە ساڵی 2060 ـدا بۆ 10.3٪ و لە ساڵی 2080 ـدا بۆ 8.8٪ دادەبەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ