رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە شوێنێکی کار لە ناوچەی پەندیک-ی ئیستەنبووڵ روویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان؛ 5 کەس بریندارن.
تەقینەوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 25-6-2023، لە شوێنێکی بەرهەمهێنانی بۆیاخ لە ناوچەی پەندیک، گەڕەکی قادر چەخماخ روویدا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 5 کەس بریندارن. تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس گەیشتنە شوینی رووداوەکە و برینداران چارەسەریان بۆ کرا. ئەوەشی کە پێویست بوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی پەندیک.
تیمی بەرگریی شارستانی رایگەیاند، ئەو ئاگرەی بەهۆی تەقینەوەکە هەڵگیرسابوو، کۆنترۆڵکراوە و ئێستا لیکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە دەستیپیکردووە. هاوکات گوتی، گومانەکان زیاتر بەو ئاراستەیەن کە گازی شل هۆکاری ئەو تەقینەوەیە بووبێت.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکاران و سەلامەتیی کار (ISIG) کە رۆژی 6-1-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەزار و 843 کریکار بەهۆی رووداوی جۆراوجۆر لە شوێنی کارەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە 64 لەو کرێکارانە تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ