رووداو دیجیتاڵ
جەیلان ئاکچا کوپۆلۆ، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بابەتی بە زۆر بە شوودانی کچێکی تەمەن 12 ساڵانی ئامەدی بردە پەرلەمان و داوا لە حکومەت دەکات، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن.
لەکاتێکدا ماوەیەکە دەنگۆی بە زۆر بە شوودرانی کچێکی تەمەن 12 ساڵان لە ئامەد بووەتە رۆژەڤی تورکیا و باکووری کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی بابەتەکەی بردە پەرلەمان.
بەگوێرەی گوتەکانی جەیلان ئاکچا کوپۆلۆ، رووداوەکە لە گوندێکی ناوچەی پایاسی سەر بە ئامەد روویداوەو دەڵێت:"رۆژی 20ی حوزەیران ئەو بابەتە بڵاوکرایەوە. منداڵێکی 12 ساڵان لەلایەن کەسێکی تەمەن 32 ساڵ بەناوی زولفی رفێندراوە، دەستدرێژیی کراوەتە سەر و دواتریش مارەکراوە. مامۆستایەکی ئایینیی سەر بە کاروباری ئاینی مارەی بریوە".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی، ئەو بابەتە بە 'دوور لە رەوشت' ناودەبات و دەڵێت:"هێزە ئەمنییەکانیش لە کاروباری دادگەیی و نووسینەوەی راپۆرتەکەدا پاشەکشەیان کردووە. لە دادگە پێداگۆج گوتوویەتی، کاتێک سەیری باڵای دەکەین لە 17 ساڵان دەکات. بەمشێوەیە رەوایی بە کارەکە داوە".
جەیلان ئاکچا کوپۆلۆ راشیگەیاند، لە یەکەمین دانیشتنی دادگەییدا تۆمەتبار ئازادکراوە و تاوانەکەش پەردەپۆش کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە حکومەتی تورکیا؛ بەتایبەتیش وەزیری نێوخۆ و وەزیری داد کرد بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن. هاوکات پرسیارنامەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزکردەوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بەو دۆسیەیە بدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ