رووداو دیجیتاڵ
محەممەد خەلیل یازار، کوردێکی زازایە و لە کوێستانەکانی خارپێت دەژی. لە یەک کاتدا وانەکانی دەخوێند و شوانیشی دەکرد. محەممەد لە تاقیکردنەوەی پێش قۆناخی ئامادەییدا دووەمی باکووری کوردستان و تورکیا بوو.
محەممەد خەلیل یازار، قوتابی دەڵێت، "کاری کوێستانەکان سەختە، بەڵام دیسانەوە ئێمە ئەم کارە بە خۆشەویستییەوە دەکەین، چونکە رۆزیمان لەسەر ئەو ئاژەڵانەیە. من لە تاقیکردنەوەی پێش ئامادەیی 494م هێنا، یەک هەڵەم هەبوو لە وانەی زانست. نهێنیی سەرکەوتنم خێزانەکەم بوو، کە تەلەڤزیۆنیان لە ماڵەوە نەهێشت، تائێستاش مۆبایلم نییە".
محەممەد خەلیل دەڵێت، دوای ئەوەی مێگەلەکەی بردووەتە لەوەڕ، چووەتە ژێر سێبەری بەردێک و وانەکانی خوێندووە. باوکی و مامۆستاکانی دەڵێن، محەممەد خەلیل لە هەمانکاتدا شوانێکی خەمخۆر و قوتابییەکی بلیمەت بوو. یوجەل یازار هەورەها دەڵێت، سەختیی ژیان رێگەی نەداوە کوڕەکەی واز لە شوانی بهێنێت.
یوجەل یازار، باوکی محەممەد گوتی، "بێگومان ئێمە لە ناوچەیەکی سنووردار دەژین و داهاتیشمان سنووردارە. جا تەنیاشین، چ لە شوێنی کارەکەم بێت و چ لە ئاژەڵداریدا، محەممەد هەمیشە هاوکاری کردووم".
عادل یڵدرم، بەڕێوەبەری قوتابخانە گوتی، "کاتێک دەمگوت خەلیل کام سەرچاوەت پێویستە؟ یان هەر کامێکم نیشانی دەدا دەیگوت ئەمەم شیکار کردووە. ئەو سەرچاوانەش کە نەیبوون، بە جۆرێک بۆمان پەیدا دەکرد و پێمان دەدا".
تاقیکردنەوەی پێش قۆناخی ئامادەیی لەسەر 500 نمرەیە، محەممەد خەلیل لە تەک لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان، توانی دووەم نمرەی سەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیا بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ