رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە رایگەیاند، لێدوانەکانی دەنیز یاڤوزیڵماز، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە و پەرلەمانتاری زۆنگولداک، سەبارەت بە رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی تورکیا - عێراق و پرۆسەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی، لە رووی تەکنیکی و یاسایی ناڕاستن.
ناوەندەکە ئەمڕۆ هەینی 25ـی تەمموزی 2025 لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئەو لێدوانانەی یاڤوزیڵمازی بە "زانیاریی چەواشەکاریی ئاشکرا" ناوبرد کە گوتبووی: "بە واژۆیەکى سەرۆککۆمار رێککەوتنێکی 50 ساڵە هەڵوەشێندرایەوە و هیچ روونکردنەوەیەک بە پەرلەمان نەدراوە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوت کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراقدا واژۆ کرابوو و لە ساڵی 2010 نوێکرابووەوە، بەهۆی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و پێشهاتەکانی بازاڕی وزەوە کارایی خۆی لەدەستداوە. ئەوەی کە رێککەوتنەکە لە 27ی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت، بە بڕیاری سەرۆککۆمار لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و بە رای گشتی راگەیێندرا.
ناوەندەکە ئەو قسانەی یاڤوزیڵمازی بە "نابەرپرسانە" دانا کە گوتبووی تورکیا بە بڕی 1,471 ملیار دۆلار سزا دراوە و ئەو پارەیەش "دەبێت لە سامانی تایبەتیی سەرۆککۆمار بدرێت".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، چوار لە پێنج داواکارییەکەی عێراقی رەتکردووەتەوە و زۆربەی داواکارییەکانی تورکیاشی پەسند کردووە.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە ئەنجامی ناوبژیوانییەکەدا هەردوولا سزای قەرەبووکردنەوەی یەکدییان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام تورکیا لەسەر ئەو بەشەی کە لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، لە پاریس داوای هەڵوەشاندنەوەی تۆمار کردووە و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، داوای جێبەجێکردن لە واشنتن هێشتا بەردەوامە و هەردوولا داوای قەرەبوو لە یەکدی دەکەن.
ناوەندەکە هێرشی تووندی کردووەتە سەر یاڤوزیڵماز و دەڵێت: "ئەوە هەڵمەتێکی ناوزڕاندنە و هەوڵدەدات تۆوی دووبەرەکی لەنێوان تورکیا و عێراقدا بچێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ