رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و سەرەخۆشیی کرد.
دوای گەڕانەوەی لە سەردانە فەرمییەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان شەوی رابردوو 24-8-2023 لە هەژماری تایبەتیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەفسەرێکی پیادەمان بە ناوی عەلی دەمیر لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ شەهید بوو. سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و گەلی ئازیزمان دەکەم."
ئەمە لەکاتێکدایە هاکان فیدان رۆژی سێشەممە سەردانی بەغدای کرد و رۆژی پێنجشەممەش 24-8-2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. لەو دوو سەردانەدا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. فیدان لە هەرێمی کوردستاندا چەند دیدارێکی گرنگی هەبوون کە ئەوانیش کۆبوونەوە بوون لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
هاکان فیدان کە پێشتر راوێژکاری دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بوو، رۆژی 3ی حوزەیرانی 2023 کرایە وەزیری دەرەوەی تورکیا.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 24ی ئابی 2023، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کوژرانی سەربازێکی بەناوی عەلی دەمیر لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، راگەیاند.
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 102 سەرباز.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەپەگە کە رۆژی 22ـی ئابی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا نۆ جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا دوو سەرباز کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 624 گەریلا و کوژرانی 102 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ