ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ناکەوینە تەڵەی ئەوانەی نایانەوێت پرسەکە چارەسەر بێت

25-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تاوەکو زیاتر لە ئامانج نزیک دەبنەوە، هەوڵ دەدرێ پرۆسەی چارەسەری لە رێڕەوی خۆی دەربچێت و گوتی، "ناکەوینە نێو تەڵەی ئەوان."
 
لە پرۆگرامێک بەناوی '100 ساڵەی تورکیا' کە رۆژی شەممە 25-10-2025 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هەنگاوەکە کردەوە.
 
ئەردۆغان لەبارەی ئەو لایەنانەی دژی پرۆسەی چارەسەرین گوتی: "هەتا زیاتر لە ئامانج نزیک دەبینەوە، بێگومان پەی بەوانە دەبەین کە نایانەوێت وڵاتەکەمان ئەم پرسە چارەسەر بکات و هەڵمەتی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە رێڕەوی خۆی دەربچێت. پەنا بەخوا ناکەوینە هیچ یەک لەم تەڵانە. بە هەر بیانوو و هۆکارێک بێت، رێگە نادەین بە دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوانمان، بمانخەڵەتێنن".
 
ئەردۆغان لە وەڵامی ئەوانەش کە حکومەت بە خەمسارد دەزانن و باسی نەبوونی نیازپاکی دەکەن، گوتی:" نیازمان روونە؛ ئەویش رەخساندنی کەشێکە لە ناوچەکە، کە تێیدا داهاتووی نەوەی نوێ بەهەدەر ناچێت، دایکان ناگرین، ئاشتی، برایەتی، ئاسایش، ئارامی و خۆشگوزەرانی بڵاودەبێتەوە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا لەلایەن لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بەڕێوەدەبرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە