کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری لەبارەی سەردانەکەی ئیمراڵی کۆدەبێتەوە

25-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندی کۆمیسیۆنی پرۆسەری چارەسەری پەرلەمانی تورکیا کە بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کردبوو، بڕیارە سبەی زانیاری بدەنە کۆمیسیۆنەکەیان.
 
چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دیدارەکە، کە نزیکەی سێ کاژێری خایاندووە، پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن. 
 
رۆژی دووشەممە 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 شاندی کۆمیسیۆنەکە کە پێکهاتبوون لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
 
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27 ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیراوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە درا، "لە رووی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و پێشخستنی ئەرێنییانەی پرۆسەکە لە روانگەی هەرێمییەوە، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهاتوون".
 
شاندەکە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و کۆمیسیۆنەکە کرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، دیدارەکە نزیکەی سێ کاژێری خایاندووە. چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنەکە رۆژی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەم کۆببێتەوە و تێبینییەکانی سەردانەکە بخاتەڕوو.
 
گولستان کڵچ کۆچیغیت، ئەندامی دەم پارتی لە شاندەکەدا رایگەیاند، سەردانەکە زۆر باش، ئەرێنی و لە کەشێکی باشدابوو و گوتی: "سەبارەت بە سەردانەکە، وەکو شاند زانیاری دەدەینە کۆمیسیۆنەکە و راستەوخۆ ئاگاداری دەکەینەوە".
 
چی روویدابوو؟
 
پرۆسەی نوێی چارەسەری بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد.
 
باخچەلی، لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
 
دوای ئەمە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بانگەوازی "چەکدانان"ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا. پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ـی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان"ـەوە لە ناوچەی زاپـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
 
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا.
 
ئەو کۆمیسیۆنە کە لە 51 ئەندام پێکهاتبوو و بۆ پرۆسەکە دامەزرابوو، چەندین کۆبوونەوەی رێکخست و بانگهێشتی سەدان کەسی کرد و گوێی لێگرتن.
 
دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا کە ئایا شاندێک لە کۆمیسیۆنەکەیان سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە یان نا.
 
سەبارەت بەم پرسە، دەوڵەت باخچەلی، چەند جارێک داوای کرد شاندێکی کۆمیسیۆن سەردانی ئیمرالی بکات، تەنانەت دوایینجار لە هەفتەی رابردوو گوتبووی: "ئەگەر کۆمیسیۆنەکەی نێو پەرلەمان رەزامەند نەبێت لەسەر ئەم سەردانە، ئەگەر هەمووان خۆیان کەڕ و کوێر و لاڵ بکەن، بە راشکاوی دەیڵێم، سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و لەوە سڵ ناکەمەوە کە بە توانای خۆمانەوە بچینە ئیمراڵی، لە کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە دەوری مێزێک خۆم نادزمەوە".
 
رۆژێک دواتر (19ـی تشرینی دووەم)، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا سەبارەت بە "دەنگدان بۆ سەردانکردنی ئیمراڵی" گوتی: "پێویستە ئەو تێکۆشانەی کە دراوە بە تورکیایەکی بێ تیرۆر تاجداری بکەین. بەرپرسیارێتی ئەمەش لەسەر شانی ئێوەی پەرلەمانتارانە."
 
لە 20ـی تشرینی دووەمدا، عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانیی جمهور بە ئەرێنی دەڕواننە سەردانکردنی ئیمراڵی. 
 
لە 21 ـی تشرینی دووەمدا، کۆمیسیۆنەکە کە بۆ جاری 18ـیەمین کۆبووەوە، بە 32 دەنگی "بەڵێ" بڕیاری دا بۆ بینینی ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی بکات. بڕیارەکە بە دەنگدانی نهێنی درا؛ جەهەپە بەشداریی لە بەشی دەنگدانی کۆبوونەوەکەدا نەکرد و رایگەیاند، ئەندام بۆ شاندەکە دیاری ناکات.
 
بڕیاردرا لە سێ پارتەوە پەرلەمانتار بنێردرێنە دوورگەکە. بەپێی ئەمە، ناوەکانی حوسێن یایمان لە ئاکپارتی، فەتی یڵدز لە مەهەپە و گولستان کلچ کۆچیغیت لە دەم پارتی یەکلایی بوونەوە.
 
دواتر ئەوە بووە جێی پرسیار کە شاندەکە، کەی دەچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.
 
بەیانیی رۆژی دووشەممە 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 هەندێک بانگەشە لە میدیاکانی تورکیا بڵاوبوونەوە کە سێ کەس لە سێ پارتی جیاوازەوە چوونەتە ئیمراڵی و دیدارەکەیان کردووە، بەڵام سەرچاوە جیاوازەکان هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردەوە.
 
لە کاتژێرەکانی ئێوارەدا ئەوە روون بووەوە کە شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. لێدوانە سەرلێشێوێنەرەکەش لەلایەن حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی و ئەندامی کۆمیسیۆنەکەوە هات. یایمان گوتی، کە ئەو نەچووەتە ئیمراڵی.
 
بەڵام دواتر لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە. راگەیێندرا کە شاندەکە سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی

جەنگیز چاندار بۆ ئەردۆغان: سنوورێک بۆ هاکان فیدان دابنێ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دابنێ و رایگەیاند، "ئەو زمانەی وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت."