رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئوچووم، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا کشانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باکووری کوردستان و تورکیا بە گونجاو بۆ ئاسایشی ناوچەکە ناودەبات.
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکشێنێتەوە.
محەممەد ئوچووم لەو بارەیەوە گوتی: "بڕیارەکە لە بواری دۆخی ناوچەکە و یەکێتییەوە بۆ دیدی گشتی و ئاراستە سەرەکییەکانی تورکیا گونجاوە. لەمەودواش تێدەگەین، هەنگاوە پێویستەکان یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش ئامادەکاری بۆ یاسای قۆناخی راگوزەر".
ئوچووم باسی لە گوتەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد کە دەڵێت:"بە ئارامییەوە بەرەو ئامانج هەنگاو دەنێین".
رۆژی 11-7-2025 لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری، چەکەکانیان سووتاند.
سووتاندنی چەکی ئەو گەریلایانە دوای ئەوەهات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵدا 12ـەمین کۆنگرەی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ