کۆشکی کۆماریی تورکیا لەبارەی بڕیارەکەی پەکەکە: هەنگاوێکی نوێیە لە پرۆسەکەدا

26-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڕیاری کشانەوەی گەریلاکان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە لایەن پەکەکەوە بە هەنگاوێکی نوێ ناودەبات.
 
بورهانەدین دوڕان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رۆژی یەکشەممە، 26-10-2025 رایگەیاند: "لێدوانەکەی ئەمڕۆی پەکەکە هەنگاوێکی نوێیە لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر. ئەم هەنگاوە نوێیە، گەشەیەکی ئەرێنییە کە لەسەر بنەمای ئامانجی چەکدانانی پەکەکە بە هەموو باڵەکانییەوە هاتووەتە ئاراوە."
 
پرۆسەی چارەسەریی تورکیا رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد و دواتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا خاوەنداری کرد.
 
دوڕان جەختی لەسەر بوونی ویستی چارەسەری پرسەکە لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) کردەوە و دەڵێت: "پرۆسەکە بەهۆی سەرکردایەتیی بەهێز و بوێرانەی بەردەوامی سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلییەوە هێنرایە کایەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا بورهانەدین دوڕان دەڵێ، ئامانجیان پتەوکردنی ئارامی و ئاسایشە لە تورکیا، هەروەها جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. 
 
بورهانەدین دوڕان گوتی:"پێشهاتەکانی ناوچەکەمان و زیادبوونی ناڕوونی لەسەر ئاستی جیهان، لە داهاتوودا بەرپرسیارێتیی نوێ دەخەنە ئەستۆی تورکیا. درێژەدان بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرپرسیارێتییانە و گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بەهێز، بە پێویستییەکی گرنگ دادەنرێ".
 
رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکشێنێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە