یاریدەدەری ئەردۆغان: کاتێک چەک بێدەنگ دەبێ، دەتوانین ئاسوودەتر باسی کێشەکانمان بکەین

26-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی بڕیاری کشانەوەی گەریلاکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بە هەنگاوێکی نوێ و مێژوویی بۆ گەیشتن بە ئامانج ناودەبات و دەڵێ، دوای کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا، ویستی بونیاتنانی تورکیایەک کە تێیدا چەک بێدەنگ بێ و گفتوگۆ هەبێ، زۆر بەهێزتر دەبێ.   
 
حوسەین یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 26-10-2025، لەبارەی بڕیاری کشانەوەی گەریلاکان لە تورکیا لە لایەن پەکەکەوە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، کشانەوەی گەریلا لەنێو سنوورەکانی تورکیا لە ئەنجامی پێداگریی دەوڵەت بوو.
 
یاریدەدەرەکەی سەرۆکی ئاکپارتی گوتی: "ئێستا ویستی بونیاتنانی تورکیایەک کە تێیدا چەک بێدەنگ بێ و گفتوگۆ هەبێ، زۆر بەهێزترە. کاتێک چەک بۆ هەمیشە بێدەنگ دەبێ، دەتوانین زۆر ئاسوودەتر باس لە هەموو کێشەکانمان بکەین". 
 
یایمان ئەم پرسەی بە "پەرەپێدانی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا و زیادکردنی توانای دیموکراسی" ناوبرد.
 
یایمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەنگاوەی دەنرێ نوێ و مێژووییە لەسەر رێگەی گەیشتن بە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر"؛ هەروەها گوتی، هاوکێشەکان گۆڕاون و ئەم هەنگاوە هیوای زیاتری دروستکردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێ، بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها بە لێهاتوویی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و یەکگرتوویی گەل، تورکیا ئەم هەڕەشە درێژخایەنە تێدەپەڕێنێت و باس لەوە دەکات کە: "وەک کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، بێ ئەوەی سەرنجمان لەدەست بدەین، لە هەوڵی چڕداین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت، بگۆڕدرێ بۆ زەوینەیەکی ئاشتیی هەمیشەیی و دوور لە هەموو جۆرە تێکدەرییەک. گفتوگۆکانی نێو گۆڕەپانەکە، راوێژکارییەکانی نێو دامەزراوەکان و رێکخستنی سیاسی، گرنگییەکی گەورەیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەلامەت و شەفاف هەیە".
 
حوسەین یایمان پێیوایە پرۆسەی چارەسەری تەنیا هیوایەک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە راستی و دەڵێ:"یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی سەدەی تورکیا بەرزڕاگرتنی هاوسۆزی، چارەنووسی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و هاووڵاتیبوونمانە. دواجار پرسی تورکیای بێ تیرۆر وەک پرۆژەی دەوڵەت و گەل، بە هەنگاوی دڵنیا و پێداگرانە بەرەو ئامانجی خۆی بەردەوامە".
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکشێنێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو