داوودئۆغڵو: با چوار پارتەکە یەکبگرن؛ ئامادەم نەبمە سەرۆک

26-11-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی ئایندە رایگەیاند، گفتوگۆی جددی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ سێ پارتی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن یەکبگرن، یان فراکسیۆنێکی هاوبەش دروستبکەن، دەشڵێت: "بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە ئامادەم دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی بم."
 
ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە (Gelecek) لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە نەخشەڕێگەی نوێی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، لە پەرلەمانی تورکیا فراکسیۆنی "رێگەی نوێ" لەنێوان پارتی ئایندە، دێڤا و سەعادەت پێکهێندراوە و ئێستا لە گفتوگۆی جدیدان لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ (Yeniden Refah) بۆ ئەوەی ببێتە لایەنی چوارەمی فراکسیۆنەکە.
 
"ئامادەم نەبمە سەرۆک"
 
سەرۆکی پارتی ئایندە بە پێویستی دەزانێت ئەو چوار پارتە (ئایندە، دێڤا، سەعادەت و سەرلەنوێ رەفاهـ) یەکبگرن، جا لەژێر یەک چەتردا بێت یان بە هەر شێوازێکی دیکە.
 
داوودئۆغڵو گوتی: "من بۆ هەموویان کراوەم و داوای هیچ شتێک ناکەم. ئەگەر بکرێت من لایەنگری یەکگرتنی ئەم پارتانەم. با بۆ سەرۆکایەتی من لە دەرەوەی هاوکێشەکە بم، هەر شێوازێک بەرهەم بهێنن من پشتگیریی دەکەم. رۆژ رۆژی خۆدەرخستن نییە."
 
بەگوێرەی قسەکانی داوودئۆغڵو، پارتەکەی لەگەڵ دێڤا و سەعادەت فراکسیۆنێکیان هەیە و وەک پردێک کاردەکەن بۆ رازیکردنی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، تاوەکو پێش هەڵبژاردنەکان ئەو یەکگرتنە رووبدات.
 
رەخنە لە جەهەپە
 
داوودئۆغڵو رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (CHP) گرت بەوەی کە پرۆسەی "مێزی شەش قۆڵی"ـیان بەفیڕۆداوە.
 
داوودئۆغڵو دەڵێت: "مێزی شەش قۆڵی پرۆژەیەکی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام بەداخەوە جەهەپە، بەتایبەتی بەو لەخۆباییبوونەی دوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکان تێیکەوتن، ئەو پرۆژە گەورەیەی ئاشتیی کۆمەڵایەتییان لەدەستدا."
 
گۆڕینی هاوسەنگیی هێز
 
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم یەکگرتنە نوێیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا، سەرۆکی پارتی ئایندە پێیوایە دروستبوونی بلۆکێکی پارێزگار لەگەڵ هاوپەیمانییەکی نەتەوەپەرست، دەبنە ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز.
 
داوودئۆغڵو جەخت دەکاتەوە، کە یەکگرتنی ئەو چوار پارتە "ئاکپارتی ناچار بە گۆڕانکاری دەکات، چونکە ئاکپارتی تاوەکو بەرەنگاربوونەوەیەکی جددی نەبینێت، ناگۆڕێت و پێیانوایە هەموو شتێک زۆر باش دەڕوات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە