رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "کەشێک دروست دەکەین نەک تەنیا چینێکی دیاریکراو، بەڵکو هەموو 85 ملیۆن هاووڵاتی تورکیا بە تورک و کورد و عەرەبەوە سوودی لێ ببینن".
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) بەشداری کۆنگرەی حەوتەمی ئاسایی لقی گەنجانی پارتەکەی کرد لە هۆڵی وەرزشی ئەنقەرە.
ئەردۆغان گوتی :"لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا رۆژانی زۆر سەختمان بینی، رووبەڕووی نادادپەروەری زۆر بووینەوە. شایەتی هەموو جۆرە نایاساییەک بووین، بەڵام هەرگیز لە دیموکراسی و شەرعیەت و هێڵی دیاریکراوی ئیرادەی نەتەوەیی لامان نەدا".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد کە ساڵی رابردوو لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان سندووقی خێزان و گەنجانیان دامەزراندووە، کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیان دابوو. هەروەها لە 13ی کانوونی دووەم لە بەرنامەی ساڵی خێزان سندووقەکەیان بۆ هەموو شارەکان فراوان کردووە.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "لەگەڵ ئەمەشدا، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی گەنجانمان لە لادانی هاوڕەگەزخوازی کە وەک پەتا لە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. خەباتمان بەردەوامە دژی ئەو خووە زیانبەخشانەی هەڕەشە لە تەندروستی و داهاتووی گەنجانمان دەکەن، بەتایبەت جگەرە، کحول، تووتن و ماددە هۆشبەرەکان. بە تووندی کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قومار و قوماری ئۆنلاین کە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دیجیتاڵ و ئینتەرنێت زیادی کردووە. هەتا رەگوڕیشەی ئەم بەڵایە هەڵنەکێشین کە ژیانی زۆر لە گەنجانمانی تاریک کردووە، ئارامی لێ زەوت کردوون و تەنانەت گیانیشیانی لێسەندوون، ناوەستین".
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە و گوتی: "خەباتی فرەرەهەندمان بەردەوامە دژی تیرۆر کە وەک زەرو، خوێنی وڵات و گەلەکەمانی بۆ ماوەی چل ساڵە مژیوە. کۆتایی رێگا بۆ ئەو بارۆنە تیرۆریستانە دیار بووە کە گەنجانی ئەم وڵاتەیان بە زۆر یان بە فریودان بردووەتە چیا. هەنگاو بە هەنگاو لە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر نزیک دەبینەوە".
سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە بە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد و دواتریش لەڕێی دیداری شاندێکی دەم پارتی درێژەی پێدرا. ئەردۆغان گوتی: "رێگە نادەین گەنجانمان بە هەر هۆکارێک بێت لەنێو ددانە دڕندەکانی تیرۆردا ون ببن. ئەو بەڵایەی ئیمپریالیستەکان بەسەریان هێناوین دەیڕەوێنینەوە، یارییە چل ساڵەکەیان تێکدەشکێنین و بە ئیلهام وەرگرتن لە برایەتی هەزار ساڵەمان لەم خاکەدا، داهاتوویەکی رووناک پێکەوە بنیاتدەنێین. کەشێک دادەمەزرێنین کە نەک تەنیا چینێکی دیاریکراو، بەڵکو هەموو 85 ملیۆن هاوڵاتی بە تورک و کورد و عەرەبەوە لە وڵات و دەرەوەی سوودی لێ ببینن".
سەرۆککۆماری تورکیا کە سەرۆکی ئاکپارتیشە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ گەنجانی ئاکپارتی، گوتی: "پێکەوە کۆسپەکان تێدەپەڕێنین. پێکەوە سیناریۆ پیسەکان دەدڕێنین. پێکەوە بەرەنگاری هێرشەکان دەبینەوە. پێکەوە برایەتی بەرز دەکەینەوە. پێکەوە تورکیا گەورە دەکەین. پێکەوە بەرەو رۆژە رووناکەکانی داهاتوو دەڕۆین. با ئەوانی دیکە هەوڵی جیاکردنەوە و دابەشکردن بدەن، ئێمە وەک ئەمڕۆی ئەم هۆڵە هەوڵدەدەین گەنجانی ئەم وڵاتە یەکبخەین، لە باوەشیان بگرین و لەسەر هاوبەشییەکی هاوبەش کۆیان بکەینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ